پەروەردە کردنی بەکرێگیراو لە کوردستان، هیچی بۆ رژیم لێ شین نابێت

لە رۆژەکانی کۆتایی مانگی گوڵانی ئەمساڵدا شانۆگەریەک بەناوی “کۆنگرەی شەهیدانی پێشمەرگە موسڵمانە کوردەکان” هەمان بەکرێگیراوانی ناوچەیی کە گیانی خۆیان لە خزمەت بە رژیمدا لە دەست داوە، لە شاری سنە بەڕێوەچوو. بەڕاستی مەگەر چی رویداوە کە رژیمی ئیسلامی کەوتۆتەوە بیری بەکرێگیراوەکانی لە کوردستان، تەنانەت ساڵێک زووتر لە کاتێک کە پێشتر رایانگەیاندبوو، هەزینەیان بۆ سەرف دەکات،” کۆنگرە”یان بۆ بەڕێوەدەبات و بۆ بەشداری کردن لە ئاخرین کۆبونەوەکەیدا لاریجانی دەنێرن بۆ سنە تا وێڕای وڕینە کردن لەم شانۆگەریە پڕ هەزینەیه‌دا پەرده‌ لە رووی پەیکەری بەکرێگیراوانی جێی نەفرەتی خەڵکی کوردستان، لابدات؟ هەموو دیاردەکان ئەوە دەڵێن کە رژیم خەریکە خۆی بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەگەری گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە لەوانە لەگەڵ مەسەلەی کورد ئامادە دەکات. رێزگرتن لە کوژراوان و دەست پێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پەروەردە کردنی بەکرێگیراو بەشێک لەم ئامادەکاریەیە.بێڵن با لە زمان کاربەدەستانی رژیمەوە ببیستین کە چ مەترسیەک لە کوردستان هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامی دەکات وا بەم شێوەیە بەخێرایی کەتۆتە بیری دۆزینەوەی رێگا چارە. ئەحمەد رەزا پووردەستان، فەرماندەی هێزی زەمینی ئەڕتەشی ئێران وتی:” کۆماری ئیسلامی لەمرۆدا لەگەڵ رواڵەتێکی نوێ لە هەڕەشەدا بەرەو روویە کە لەباری جۆر، شکڵ و شێوە و قەبارەوە لەگەڵ رابردو جیاوازە. تیرۆریستەکان لە نزیک سنورەکانمانن”. لەم قسانەدا دەکرێ هۆکاری کۆکردنەوەی هێزی نیزامی لە سەر سنورەکان و میلیتاریزە کردنی زیاتری کوردستان بدۆزرێتەوە. بەڵام کارەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، لەپاڵ کرداری نیزامی و سەرکوتەگەرانەدا، کردنەوەی بەرەیەکی بەرین و پڕ هەزینەی سەرکوتی فەرهەنگی لەدژی خەڵکی کوردستان و شێواندنی تاریخ و ئاوژو کردنەوەی راستیەکان بە تایبەت لەم دەورەی دواییدا لە لایەن رژیمەوه‌ دەبینین. تەرخان کردنی بەملیارد تمەن هەزینە و ئیعتیبارات بۆ دروست کردنی مزگەوت و تەکیەکان، تەرخان کردنی بوجەی کەڵان بۆ بەڕێوەچونی مەڕاسمەکانی حەفتەی بەسیج و هەوڵدان بۆ رەواجدانی فەرهەنگی بەسیج پەروەری، دامەزراندن و بڵاو کردنەوەی دەیان نەشریە و سایتی ئینترنێتی سەر بە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، بەکرێگرتنی ژمارەیەک رۆژنامە نووس لە هەواڵنێریەکانی فارس، تەسنیم و هیتردا، دروست کردنی چەندین فیلم بە ناوی موستەنەد لەدژی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان، تەنیا بەشێک لە هەوڵەکانی رژیم بووە لەم بوارەدا.441

لە بەدوادا چوونی ئەم سیاسەتەدا، رژیمی ئیسلامی نیگەرانی کاریگەری دانان و کاریگەری وەرگرتنی خەباتی خەڵکی بەشە جۆراو جۆرەکانی کوردستانە لەسەر یەکتری. ئەم بابەتە لەوێوە گرنگی پەیدا دەکات کە خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی درژێنە سەر شەقامەکان و دروشمی ” کۆبانی تەنیا نییە” بەرز دەکەنەوە. لە بەرانبەردا خەڵکی شارەکانی کردستان لە بەشەکانی تر لەگەڵ ئاخێزی خەڵکی مهاباد دێنەسەر شەقامەکان و دروشمی مهاباد تنیا نییە دەڵێنەوە. ئەم راستیانە نیشانی ئەدات کە خەڵکی کوردستان لە هەر بەشێکدا بن، پشتیوانی لە خەباتی یەکتر دەکەن و کاریگەریان لەسەر یەکتر دەبێت. ئەمە ئەو ” مەترسیەیە” کە رژیمی ئیسلامی وەهەراس هێناوە. و بە هەر وەسیلەیەک بێت هەوڵ ئەدات بە پەرەدان بە رۆحیەی تەسلیم تەڵەبی لە رێگای پەروەردە کردنی بەکرێگیراو، بە سەرکوت و ئەمنیەتی تر کردنی کەش و هەوای کۆمەڵگا، کوردستانی ئێران لەم کاریگەریانە بەدوور بگرێت. بە سرنجدان بەوەی کە وترا هەوڵدان بۆ ڕێزگرتن لە بەکرێگیراوانی رژیم لە کوردستان لە ئاوا بارودۆخێکدا مانا پەیدا دەکات. لەمرۆدا سپای پاسداران و بەسیج، سازمانی بەکرێگیراوانی رژیم لە کوردستان یان هەمان( سازمانی پێشمەرگە موسڵمانە کوردەکان)، ئیمامانی جومعە و ناوەندە مەزهەبیەکانی وەک ” ناوەندی بوزورگی ئیسلامی رۆژئاوای وڵات” بەرپرسیاریەتی وەدیهێنانی ئەم ستراتیژیەیان لە کوردستان وەئەستۆ گرتوە.

بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، سەرەڕای سەرفی هەزینەی کەڵان، سەرەڕای پەیڕەو کردنی سەرکوت و گرتن و ئێعدامی بە کۆمەڵ، کوردستان هەروا سەنگەری خۆڕاگریە لەدژی سیاسەت و کردەوەکانی رژیمی ئیسلامی. پاشەکشە کردن لە مەیدانی شەڕدا، شەڕێکی کە لەگەڵ گەیشتنە دەسەڵاتی ئەم رژیمە لە ئێران بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپا، قەت نەبووە هۆی پاشەکشە کردن لە مەیدانەکانی تری خەبات لەدژی رژیم لەوانە خەبات لەدژی سیاسەت و فەرهەنگی کۆنەپرستانەی ئەم رژیمە. لە ماوەی ئەم ٣٥ ساڵە و تەنانەت بە پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەودیوی سنورەکان، هەموو شوێنێک لە کوردستان، زیندانەکان، شوێنی کار، گەڕەک، قوتابخانە، خیابان و مەیدانەکان بەگشتی بوونە گۆڕەپانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان لەدژی رژیم، خەڵک و پارێزەرانی ئەم سەنگەرانە، کرێکاران، ژنان و پیاوان و بەرەی ئەمرۆی لاوانی کوردستانن کە لە بچوکترین دەرفەت کەڵک وەردەگرن تا خۆڕاگری خۆیان لەدژی حاکمەیەتی کۆماری ئیسلامی رێکخراوتر و یەکگرتوانەتر بەرنەپێشەوە.

خەڵکی کوردستانی ئێران لەمرۆدا خۆیان بە هاوڕا و هاو هەنگاوی خەباتی قارەمانانەی ژنان وپیاوانی کۆبانی دەزانن. رێز لە خەباتی ئەوان و دەستکەوتەکانیان بۆ شکڵدان بە خۆڕاگرییەکی جەماوەری و ریکخراو لەدژی رەوتی هار و وەحشی دەوڵەتی ئیسلامی دەگرن و لێیانەوە فێردەبن. لە کوردستانی ئێران لەگەڵ هەموو ئینسانە ئازادی خوازەکان لە سەرتاسەری ئێراندا لەم دەستکەوت و ئەزمونانە لەدژی حاکمیەتی رەشی ئیسلامی کەڵک وەردەگرن. کردارەکانی رژیم بۆ خامۆش کردن و شاردنەوەی خەباتی خەڵک سەمەرێکی بۆ رژیم نابێت و خەڵکی کوردستان هەروەکو تا ئێستا چەندین جار نیشانیان داوە وشیارانە پیلانەکانی رژیم پۆچەڵ دەکەنەوە. لەم روەوە پرۆژەی پەروەردە کردنی بەکرێگیراو و بەڕێوەبردنی کۆنگرەی میللی ” پێشمەرگە مەسڵمانە کوردەکان” هیچی بۆ رژیم لێ شین نابێت.