پەناخوازانی نوقم بوو و سەرشۆڕی کاربەدەستانی ئوروپایی

نوقم بوونی پەناخوازان لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا، ئەو رووداوە دڵته‌زێنانه‌ن كە هەرئەڵێی کۆتاییان نییە و هەموو رۆژێک دەبێ شاهیدی کارەساتێکی لەم جۆرە بین. ئەو ژن و پیاو و منداڵانەی کە بەم شێوەیە مەزڵومانە نوقمی ناخی دەریاکان دەبن، کەسانێکن کە بۆ رزگار بوون لە بوونە قوربانی لە شەڕدا و مردن لە برسان و بەبێ هیوا بە رزگار بوون لە بێ سەرپەناهی و دەربەدەری رێگای سەفەرێکی لەمجۆرە پڕ مەترسی دەگرنەپێش. دەوڵەتانی سەرمایەداری ئوروپا کە ساڵانێکی دوور و درێژ سەروەتی خاوەرمیانە و قاڕەی ئافریقایان تاڵان کردوە، ئەوانەی کە ئەمرۆ لە دروست کردنی شەڕەکان و درێژەدان بە نائەمنی لەم ناوچانەدا دەستیان هەیە، حازر نین بەرپرسیاریەتی سەرچاوە گرتوو لە ئاسەواری سیاسەتەکانیان قەبوڵ بکەن. ئەوان تەنانەت حازر نین بودجەیەکی کەمی پێویست بۆ رزگار کردنی گیانی ئینسانەکان لە چنگ شەپۆلەکانی دەریا دابین بکەن. بەپێی راگەیاندنی سازمانی نێونەتەوەیی کۆچبەری، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ی زاینیەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٧٢٧ پەنابەر لە دەریای مەدیتەرانە گیانیان لەدەست داوە.ئەم ئامارە نیشانی ئەدات ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەم ماوەیەدا گیانیان لەدەست داوە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو ٣٠ بەرابەر به‌رز بۆته‌وه‌.تەنیا لە رۆژی ١٩ ی ئاوریل، بەرابەر لەگەڵ ٣٠ی مانگی خاکەلێوە، ٩٢٢ ژن، پیاو و منداڵی پەناخواز لە ١٢٠ مایلی بەندەری ئیتالایی لامیدۆسا نوقم بوون. لە چەند رۆژ بەر لەویشدا لانیکەم ٤٤١ کەس لە دەریای مەدیتەرانەدا لە رێگای گەیشتن بە ئوروپا نوقم بوون کە کۆی گشتی نوقم بووان لە ماوەی یەک حەفتەدا گەیشتۆتە ١٣٦٣ کەس. دەیان هەزار کەسیش کە توانیویانە خۆیان بگەیەننە ئیتالیا وەک تاوانباران لە ئۆردوگاکاندا زیندانی کراون. ئەم پەناخوازنە بەتەرتیب سوری، لیبیایی، ئەفغانستانی، عێڕاقی و ئافریقایین. بەشێک لە ئافریقاییەکان ئەو کرێکارانەن کە هێندێکیان خۆیان یان کەسوکاریان زیاتر لە ٣ و تەنانەت ٤ دەیە لە لیبیدا کرێکار بوون و لەگەڵ روخانی حکومەتی قەزافی، دەربەدەر کراون.416

دەوڵەتانی ئوروپایی و هێزە دەستەڕاستیەکان لە هەلومەرجی خوڵقاو لە راستای دژوارتر کردنی یاساو رێسای کۆچبەریدا کەڵکیان وەرگرتوە و راگەیەنەرەکانی خەتی رەسمی بۆرژواییش مۆری تەئید لە ئێقدامات و داوەریەکانیان ئەدەن. ئەم راگەیەنەرانە وەبیری ئەو سەدان هەزار کەسەی کە لە کەمپی وڵاتێکی لێکهەڵوەشاوی وەک لیبی و یان وڵاتانی شەڕ لێدراوی تردا لە چاوەڕوانی گەیشتن بە شوێنێکی ئەمندان، دێننەوە کە مردن لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا و ددانی تیژی کوسەکان چاوەڕێیانە.کارەسات و تاوانێک کە لەم ماوەی دواییدا لە ئاوەکانی دەریای نێوەڕاستدا روویداوە بەشێک و تەنانەت بەشێکی بچوک، لە جەنایەتێکە کە سەرمایەداران و دەوڵەتانی رۆژئاوایی بە درێژایی مێژوو لەوانە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەسەر خەڵکی ئافریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان هێناوە. جەریاناتی کۆنەپەرستی ئیسلامی کە لەمرۆدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا کەوتونەتە گیانی خەڵکی بێدیفاع، بەگشتی بە چاوپۆشی و یان تەئید و پشتیوانی ئەوان پێکهاتون و پەرەیان سەندووە. ئەلقاعیدە و تالیبان و داعش و ئەوانیتر بە دۆلاری نەوتی و ساز و بەرگی جەنگی پێشکەشی لە لایەن عەرەبستان و قەتەرەوە، تەیار کراون و دەکرێن. بەڵام عەرەبستانی سعودی هاوپەیمان و لایەنی معامەلەی ئامریکا و دەوڵەتانی ئوروپاییە و چەک و ساز و بەرگی جەنگی ئەویش بە یارمەتی دۆلارە نەوتیەکان لە هەمان سەرچاوەوە دابین دەبێت. گەورەترین پێگەی نیزامی ئامریکا لە خاوەرمیانەدا لە وڵاتی قەتەر دایە.دەوڵەتانی سەرمایەداری رۆژئاوایی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ، دەور و نەخشیان لە دەروست کردنی شەڕ، وێرانی و ئاوارەیی خەڵکێکدا هەیە کە لە ئێستادا بەشێک لەوان لە دەریای مەدیتەرانە نوقم دەبن. دەوڵەتی ئامریکا لە درێژەی سیاسەتە ئیمڕیالیستیەکانیدا لە ساڵی ٢٠٠٣ عێڕاقی داگیر کرد و ئیمکانی نەدا تا خەباتی یەکگرتوانەی خودی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ روخاندنی ڕژیمی بەعسی حاکم شکڵ بگرێت. کوژرانی یەک ملیۆن ئینسان و لەنێوچونی شارستانیەت و ئاوارە کردنی بەملیۆن کەسیتر بەرهەمی ئەم داگیرکاریە بوو. کاتێک خەڵکی تونێس و میسر و سوریە و یەمەن لەدژی دیکتاتۆڕە دەسەڵاتدارەکان ڕاپەڕین، ئیسلامی سیاسی لە یەکەم هەنگاودا وەک بەدیلێک بۆ بەرگرتن لە قوڵ بوونەوەی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە لایەن ئەم وڵاتانەوە پشتیوانی کرا. جەنگی بوونی کەش و هەوای سیاسی لە سوریە و لیبی بەرهەمی ده‌خاڵەتی ئەوان بوو بۆ بە لاڕێدا بردنی خەباتی پێشکەوتوو و شارستانیانەی خەڵک لەم وڵاتانەدا. ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە ئوردۆگاکانی لیبیدا بەرەوڕووی مەرگی بەشێنەیی بوونەتەوە و یان لە ئاوەکانی دەریای نێوەڕاستدا دەخنکێن، بەشێکن لەو خەڵکە مافخوازەی کە دەیانەویست بە روخاندنی دیکتاتۆڕە دەسەڵاتدارەکانی وڵاتەکانیان ئازادی و ژیانێکی پڕ لە ڕیفاه و ئاسودەیی دەستەبەر بکەن.سەرانی دەوڵەتانی ئوروپایی کە لەمرۆژانەدا لە بروکسێل کۆدەبنەوە و بۆ پەناخوازانی نوقم بوو فرمێسکی درۆینە دەڕێژن، هەمان ئەو کەسانەن کە ٢ ساڵ لەوەپێش بودجەیەک کە لەژێر گوشاری ڕای گشتیدا بۆ رزگار کردنی گیانی ئەو خەڵکە سەرگەردانەی نێو ئاوەکانی دەریای مەدیتەرانە تەرخان کرابوو، بۆ کەمتر لە نیوە داشکاندوە. ئەوان سیاسەتی بەرگرتن لە هاتنی شەپۆلی پەنابەر بۆ ئوروپا بە بڵاو کردنەوەی ترس و وەحشەت لە خنکانیان لە دەریاکاندا پەیڕەو دەکەن.لە ئاوا بارودۆخێکدا هیوایەک بە کرداری دەوڵەتانی ئوروپایی بۆ کۆتایی هێنان بەو کارەساتەی کە لە دەریای مەدیتەرانە بەسەر پەناخوازاندا دێت نییە، مەگەر ئەوەی کە رای گشتی خەڵکی ئینسان دۆست و تێکۆشەر لە ئوروپا بێن بە یارمەتیانەوە. دەوڵەتانی ئوروپایی ئەگەر نەکەونە ژێر گوشارەوە، دڵخوازانە ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتە دژی ئینسانیەکانیاداندا سەبارەت بە پەنابەران بەدی ناهێنن.رۆژی جومعه‌ ٢٤ ی ئاوریل، بەرابەر لەگەڵ ٤ ی گوڵان، کۆمەڵێکی زۆر لە ئینسانە شەریفەکان بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان لە شاری لەندەن، لاوازی کاربەدەستانی یەکیه‌تی ئوروپایان لە راستای چارەسەر کردنی قەیرانی کۆچبەریدا مەحکوم کرد. ئەوان رۆژی پێشتریشی خۆپیشاندانێکی هاوشێوەیان بەڕێوەبردبوو. خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی گوڵی زەرد بۆ چەند ساتێك، لەسەر زەوی دانیشتن و بەریان بە هاتووچۆی دەوروبەری مەیدانی پاڕلمان گرت. خۆپیشاندەران پلاکاردیان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو: “پشتیوانی لە خەڵک بکەن نەک لە سنورەکان”. ناڕازییان لە لەندەن مافی خۆیانە کاتێک دەڵێن خوێنی پەنابەرانی نوقم بوو لە دەریای مەدیتەرانەدا لە نگاڵی سەرمایەداران و دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی رۆژئاوا دەچۆڕێ.