له ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا، ژماره‌یه‌ك له هه‌ڵسووڕاوانی مه‌ده‌نی، سیاسی و مافی مرۆڤ، سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی زیندانی سیاسی “حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی”یان كردووه.
به پێی ئه‌م راپۆرته، ئه‌م هه‌ڵسووڕاوانه وێڕای سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م زیندانییه سیاسییه مه‌حكوم به ئێعدامه و دڵداری دانه‌وه‌یان، رایانگه‌یاند: ئێمه ئه‌م حوكمه ناعادڵانه‌یه به توندی مه‌حكوم ده‌كه‌ین و خوازیاری ئازادی ناوبراو و سه‌رجه‌م هه‌ڵسووڕاوانی مه‌ده‌نی و سیاسی له زیندانین. جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه كه زیندانی سیاسی حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی رۆژی ١ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٨٦ ده‌ستبه‌سه‌ر و دوای تێپه‌ڕ كردنی زیاتر له سێ مانگ ژووری تاكه‌كه‌سی و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی، له‌لایه‌ن لقی ١ی دادگای رژیم له شاری سنه به تۆمه‌تی “موحاربه و موفسیدی فیلئه‌رز”، به ئێعدام مه‌حكوم كرا. شایانی باسه دوای هه‌شت ساڵ هه‌وڵی بنه‌ماڵه و پارێزه‌رانی ئه‌م زیندانییه سیاسییه و داواكاری رای گشتی، به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی حوكمی حه‌بیبوڵڵا راگیرا.