چاوگێڕانێک بەسەر ئاکامەکانی هەڵبژاردنی پاڕلمانی تورکیەدا

رۆژی یەکشەممە ١٧ ی مانگی جۆزەردان هەڵبژاردنی پاڕلمانی تورکیە بەڕیوەچوو. لەم هەڵبژاردنەدا ٥٥٠ نوێنەر بۆ مەجلیسی میللی تورکیە هەڵبژێردران. بەپێی ئاخرین سەرژمێریەکان وڵاتی تورکیە ٧٩ ملیۆن کەس جەمعیەتی هەیە کە نزیک بە ٥٣ ملیۆنیان دەتوانن دەنگ بدەن. رێژەی بەشداری کردن لەم هەڵبژاردنەدا ٧٠ لەسەد راگەیەندراوە. ٣١ حیزب بە گرایشی سیاسی جۆراو جۆرەوە لەم هەڵبژاردنەدا بەشداریان کرد. بەڵام دیاربوو کە دەنگی خەڵک بە ٢ حیزبی ” داد و گەشە پێدان” و ” حیزبی دێموکراتیکی گەڵان” زۆرترین دەور و نەخشیان لە ریزبەندیە سیاسیەکانی ساڵانی داهاتودا لە تورکیە دەبێت. پێگەی ئەم ٢ حیزبە، هەرکامە و بە هۆکارێک، تایبەتمەندی ئەم دەورەیە لە هەڵبژاردنی پاڕلمانی بوو لە تورکیەحیزبی حاکمی داد و گەشە پێدان کە ١٣ ساڵە دەسەڵاتی سیاسی بێ رکابەری لەم ولاتەدا بە دەستەوەیە، چووەتە پێگەیەکی لاوازترەوە بە بەراورد لەگەڵ پێشو. ئەم حیزبە لەم دەورەیەدا بە تەنیایی نزیکەی ٤١ لەسەدی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. بەم جۆرە زۆرینەی پاڕلمانی تائێستای خۆی لەدەست داوە و بە تەنیایی ناتوانێ دەوڵەت پێکبێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆرەی کە ئۆردوغان هەوڵی ئەدا ناتوانی قانونی ئەساسی ئەم وڵاتە بە قازانجی زیاد کردنی دەسەڵات و ئیختیارەکانی سەرۆک کۆمار بگۆڕێت.452

حیزبی دێموکڕاتیکی گەڵان کە خۆی لە تەیفی چەپی ئەحزابی سیاسی تورکیەدا دادەنێت، لەم هەڵبژاردنەدا توانیویەتی وەک حیزبێک، رێژەی دیاریکراو بۆ چونە پاڕلمان تێپەڕێنێ و لە پاڕلمانی تورکیەدا ببێتە خاوەنی ٨٢ کورسی. ” حیزبی دێموکراتیکی گەلان” لە لایەکەوە میراتگری چەند حیزب بە ناوی جۆراو جۆرەوە، کە هەرکامیان لە رابردودا بۆ دەورەیەکی کورت لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیەدا حوزریان هەبووە و هەر جارەو بە پاساوێکی قانونی چالاکیەکانیان قەدەغە کراوه‌ و هەڵوەشانەوە. ” حیزبی دێموکراتیکی گەلان” حیزبێکی سەرتاسەریە، بەڵام زیاترین نفوز و پێگەی ئەم حیزبە لە ناوچە کورد نشینەکانی تورکیە دایە. لە دنیای واقعیدا ئەم حێزبە سەرەڕای سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتیەکی کە هەیەتی، لە کردەوەدا وەک شاخەی سیاسی پ کا کا دەناسرێت. چوونە پاڕلمانی ئەم حیزبە بە واتای ئەوەیە کە پ کا کا، لە باری سیاسیەوە بەکردەوە توانیویەتی تریبونی مەجلیسی میللی تورکیە بۆ بەدوادا چوونی سیاسەت و ئامانجەکانی، بەدەست بێنێ و ئەمەش هەلێکی دەگمەن و تایبەتە بۆ بزوتنەوەی خەڵکی کوردستانی تورکیە.

له راستیدا هەم شکستی حیزبی ئیسلامی ” داد و گەشە پێدان” لە لەدەستدانی زۆرینەی پاڕلمانی و هەم سەرکەوتنی ” حیزبی دێموکراتیکی گەلان” لە چوونە پاڕلمان، هیچکامیان رووداوێکی لە ناکاو و چاوەڕوان نەکراو نەبوون. ئەستێرەی بەختی ئۆردوغان و حیزبە لیبڕال ئیسلامیەکەی کە بەرەو کز بوونە و سەرکەوتنی حیزبی دێموکراتیکی گەلان تەنیا ئیمکانی کۆتایی هێنان بە خوێن رشتن و پەیگیری ویست و داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان لە رێگای ئاشتی خوازانەوە بوو.دەوڵەتی ئۆردوغان ئیدیعای دەکرد کە توانیویەتی ئابووری تورکیە لە داوی قەیرانی ئابووری هەمەگیری رۆژئاوا رزگار بکات. بەڵام دیمان کە سەرئەنجام شەپۆلی ئەم قەیرانە خۆی بە لێوارەکانی تورکیەشدا کێشا. رەوتی گەشەی ئابووری ئەم یەک دەیەی دوایی لەژێر رێبەری حیزبی داد و گەشە پێداندا راوەستا و سەرەوژێر بوونەوەی دەستی پێکرد. دەوڵەتی تورکیە وەک هەموو وڵاتانی گیرۆدەی قەیران هەوڵیدا کە قەیرانەکەی لە رێگای کەم کردنەوەی تەعەهودە دەوڵەتیەکانەوە کۆنترۆڵ و هەزینەکەی بەسەر کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگەدا بشکێنێتەوە. ئاشکرا بوونی گەندەڵی بەرینی ماڵی، دەوڵەتێک کە ئیدیعا دەکات پاکترین دەوڵەتی هەموو مێژوی تورکیا بووە و گرایشی ئیسلامی حیزبی حاکم بە سەرچاوەی پاکیی خۆی دەزانی، ئەوی خستە ریزی یەکێک لە گەندەڵ ترین دەوڵەتەکانی دنیاوە. هەوڵەکانی ئۆردوغان بۆ پەیوەست بوون بە یەکیتی ئوروپاوە، کە ساڵانیکی دوور و درێژە دەوڵەتانی ئوروپایی، تورکیەیان لە پشت دەروازەکانی یەکێتی ئابووری ئوروپادا راگرتوە، ناکام مایەوە و دوور نمای پەیوەست بوونی بەم یەکێتیەوە تاریکە.کەلێنە چیناتیەکان بەردەوام قوڵتر دەبنەوە. هەژاری توند لەپاڵ ویترینێکدا کە بۆ راکێشانی گەردشگەرانی خاریجی رازێندراوەتەوە و لە رێگای سێریالە تەلەویزیۆنیەکانەوە بۆیان تەبلیغ دەکرێت، درێژە بە مانەوەی ئەدات. خۆش باوەڕی ئەوەڵیەی ئۆردوغان و حیزبەکەی کە خۆی بە سەرچاوەی ئیکهام و رێبەری مەعنەوەی جەریاناتی لێبڕاڵ ئیسلامگەرا لە خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا دەزانی و بە شانازیەکی ساویلکانەوە، پێیوابوو کە گۆیا لەم رێگایەوە چۆتە پێگەی ئیمپڕاتۆڕی لێک هەڵوەشاوی عوسمانیەوە، وەک بڵقیک تەقی. پشتیوانی ئاشکرا لە داعش لەلای رای گشتی بوو بە ریسواییەکی گەورە بۆ دەوڵەتی ئۆردوغان.هەوڵی فێڵبازانەی ئۆردوغان و حیزبەکەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتیەوە لە کوردستانی تورکیە نەک هەر نەیتوانی بۆچونی دەنگ دەرانی ناوچە کورد نشینەکان بۆلای ئەم حیزبە رابکێشێ، بەڵکو زۆربەی خەڵکی تامەزرۆی بەرەو پێش چوونی ئەم پرۆسەیەی لەم حێزبە هەڵگێڕایەوە و گرتنە پێشی تەحریکاتی ئێحساساتی مەزهەبی لەدژی ” حیزبی دیموکراتیکی گەلان” یش نە تەنیا هیچ دەنگێکی بۆ ئۆردوغان نەهێنا، بەڵکو وەک دوورویی و فریوکاری دەرک و هەست پێکرا.هێشتا شوینیسم و رەگەزپەرستی سێبەری خستۆتە سەر زۆرێک لە قانون و سیاسەتە کردەییەکانی ئەم وڵاتە و بۆتە بەشێک لە هۆویەتی ئەم دەوڵەتە. هەزاران زیندانی سیاسی لە خراپترین بارودۆخدا لە زیندانەکانی ئەم وڵاتەدا بەند کراون. دوای تێپەڕ بوونی نزیکەی یەک سەدە هێشتا حازر نییە کوشتاری بەکۆمەڵ و وەحشیانەی ئەرمەنیەکان کە میراتی دەوڵەتانی پێشوە، مەحکوم بکات. هەموو ئەم هۆکارانە دەستیان داوەتە دەستی یەک و بوونەتە هۆی بەرەو پوکانەوە چوونی حیزبی دەسەڵاتدار.بەڵام سەبارەت بە” حیزبی دیموکراتیکی گەلان” وەزعەکە بە جۆرێکی تر بوو. وێڕای ئەو ناکامیانەی دەوڵەتی ئۆردوغان کە ئاماژەیان پێدرا، گرنگترین مەسەلەیەک کە ئاڕاستەی دەنگ دەرانی ناوچە کورد نشینەکانی دیاری دەکرد، پیویستی لە بونبەست هاتنه ده ری پرۆسەی ئاشتی بوو. خەڵکی کوردستانی تورکیە کە له ناخی خویاندا خوازیاری کۆتایی هاتن بە شەڕ و خوێن رشتن بوون، بۆیان دەرکەوت کە دەوڵەتی ئۆردوغان لەم بوارەدا خەریکی فریوکاریە و ئامانجی سەرەکی خۆی نەک دابین کردنی مافە پێشێل کراوە ئینسانیەکانی ئەم خەڵکە، بەڵکو پەڕاوێز خستنی حیزبە سیاسیەکانی مەجود لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی بزوتنەوەی کوردستاندا داناوە. ئەوان بە دەنگدان بە ” حیزبی دیموکراتیکی گەلان”، نیشانیاندا کە دەستی ئۆردوغانیان خوێندۆتەوە و لە راستیدا بە دەنگەکانیان پەیامی خۆیان گەیاندە گوێی ئه و و باقی حیزبە شوینیستەکان لە تورکیە. لەم نێوانەدا پشتیوانی ئەحزابی وەک سیریزا لە یۆنان و سەرکەوتنی پودوموس لە ئیسپانیا و رەوتی روو لە گەشەی گرایشە چەپە پارلمانیەکان لە ئوروپاش، وەک جەریانێکی فەراکیشوەری لە سەرکەوتنی ئەم حیزبەدا دەور و کاریگەریان هەبووە.بەڵام لەگەڵ هەموو گرنگیەک کە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە لەباری سیاسیەوە هەیەتی، ئەم راستیە نابێ لەبیر بکرێت کە دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیە لەبەینی ئەو حیزبانەدا دابەش دەبێت کە لە بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانەوە رێگایەک بێجگە لەوەی ئێستا لە ئارادایە ناگرنە پێش. تا ئەو جێگایەی بە کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئەم وڵاتە و تەنانەت بە ئەمری دیموکراسی لە تورکیەش هەڵدەگەڕێتەوە، پاڕلمانی نوێ و دەوڵەتی ئیئتیلافی داهاتو نە دەیەوێ و نە دەتوانێ سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و سیاسی بنەڕەتی بێت لەم وڵاتەدا و لە باشترین حاڵەتدا تەنیا زێدە خوازی ساویلکانه ی ئۆردوغان کۆنترۆڵ دەکات. بەڵام سەبارەت بە ” حیزبی دیموکراتیکی گەلان” ، کە بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوان ناکرێت لە دەوڵەتی داهاتودا بەشداری بکات، ده‌وری داهاتوی ئه و پیوه ندی هه یه بەوەی کە تا چ رادەیەک دەتوانێ لە پێگە پاڕلمانیەکەی و لە تریبونێک کە بەدەستی هێناوە، لە خزمەت بە بەهێز کردنی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان و لە پێوەند لەگەڵ خەباتی سەرتاسەریدا لە تورکیە، کەڵک وه‌ربگرێت.