چاوەڕوانی کردن بۆ باشتر بوونی بەڕێچونی خەڵک، لە ئاکامی سیاسەتە ئابووریەکانی دەوڵەتی رۆحانی، بێ سەمەرە

ئەگەرچی تەوافوقی هەستەیی ئێران و وڵاتانی ١+٥ ماوەیەکە بەڕسمی راگەیەندراوە و بەڕواڵەت یەکێک لە ئالۆز ترین بابەتە سیاسیەکانی دەورانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی چارەسەر بووە، بەڵام هەموان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران چاوەڕوانی ئاسەوارە کرداریەکانی ئەم تەوافوقەن.ئەگەر پێشتر لەنێوخۆدا باری هەزینەی قورسی سیاسەتی هەستەیی کۆماری ئیسلامی بەسەر شانی خەڵکی ئێراندا سەپابوو، قاعیدەتەن دەست هەڵگرتن لەم سیاسەتەش ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێتەوە بە ژیانی ئەم خەڵکە. بەڵام رژیم هەوڵ ئەدات ئاستی ڕاستەقینەی ئەم پێکهاتنە لە چاوی خەڵک بشارێتەوە. تەنیا بەم هۆیەی کە شکست لە سیاسەتی هەستەییدا بە شاراوەیی بمێنێتەوە و بتوانێ لە لای خەڵکی ئێران فریوکارانە تەپڵی سەرکەوتن بکوتێ.505بەڵام ئەم هەوڵانە بێ سەمەرە، لەبەر ئەوەی خەڵک بەشێوەی سروشتی چاوەڕوانن کە ئەم تەوافوقاتە بە خێرایی کاریگەری لەسەر ژیانی ئەوان هەبێت. لە حاڵێکدا دیاردەکان وای نیشان ئەدەن کە ئەم رژیمە دەیەوێ باری شکستی خۆشی بەسەر شانی ئەواندا بسەپێنێ. یەکێک لە ئاسەوارەکانی ئەم پێکهاتنە کە لە ڕاگەیەنەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕەنگی داوەتەوە، هاتنی گەلێک هەیئەتی تێجاری، بازرگانی لە لایەن دەوڵەتانی ئوروپاییەوە و بەشێوەی شاراوەتر لە ئامریکاوە بۆ ئێرانە. کۆماری ئیسلامی لە تەبلیغاتی خۆیدا وەعدە بە خەڵک ئەدات، کە چاوەڕوان بن، لەگەڵ هاتنی ئەم هەیئەتانە، درگاکانی نێعمەت بەرویاندا دەکرێتەوە. بەڵام بزانین ئیدیعای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە بە پشت بەستن بەم هاتوچۆیانە، وەعدەی بوژانەوەی ئابووری ئێران و وەجوڵە کەوتنی چەرخی ژیانی خەڵک ئەدەن، تا چ ئاستێک ڕاستە و ئایا ئەم ڕەوتە دەتوانێ کرانەوەیەک لە ژیانی خەڵکدا بەدیبێنێ؟تا ئێستا گەلێک جار لە کاربەدەستانی رژیمان بیستوە کە پیشەسازی ئێران توشی ڕەوتی فەرسودە بوون و هاتنەخواری بازدەهی لە بەرهەم هێناندا بووە، بەم هۆیەوە داخرانی هەموو یان بەشێک لەم یان ئەو ناوەندی پیشەسازی، وەدوا خستنی حەقدەستەکان و یان بێکار کردنی کرێکارەکانیان پاساو ئەدا. گەمارۆکانیان بە کوتەکاغەز دەزانی و باسیان لە ئابووری مقاومەتی دەکرد. دەوڵەتی رۆحانی بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفتانەی سەرمایەداری لە ئێران، کە هەڵبەت چارەسەر كردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی سه‌رتاپای حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیش بوو، هاتەمەیدان و تەنیا ڕێگای سەرلەنوێ بنیاد نانەوەی پیشەسازی پەرتوکاوی ئێرانی، ئامادە بوون لە معادلاتی ئابووری جیهانی سەرمایەداریدا ئەدیت. بەڵام لەوێوە کە ئابووری و سیاسەت دوو حەوزەی جیاواز لە یەکتر نین و لە نیزامی سەرمایەداریدا لێک تەندراون، بنیاد نانەوەی پیشەسازی ئێران ئیمکانی نییە مەگەر لە ڕێگای پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و لە سەروشیانەوە ئاڵوگۆڕ پێکهاتن لە سیاسەتی هەستەییدا و هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ ئیستراتیژی ئامریکا و رۆژئاوا لە ناوچەکەدا.ئێستا با بزانین کە ئەم پیشەسازییە پەرتوکاو و لە کار کەوتوەچۆن ئەیانەوی ببوژێننەوە. ئەگەر دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد توانی لە ماوەی ٨ ساڵدا دەستی بە بڕی نزیک بە ٧٠٠ ملیارد دۆلار داهاتی نەوت ڕابگات و پیشەسازی ئێرانیش هەروا رووی لە فەرسودەگی و لەکارکەوتن دەکرد، دەوڵەتی رۆحانی بە یارمەتی هەمان دەزگای گەندەڵی ئیداری و هەمان سیستمی حکومەتی کە ئابووریەکەی لە خزمەت و لە کۆنترۆڵی نیزامیەکانی سپای پاسداران دایە، چلۆن ئەتوانێ ئەم ڕەوتە پێچوانە بکاتەوە و ئابووری ئێران بخاتە سەر ڕەیلی گەشە و بوژانەوە؟ لە حاڵێکدا نرخی نەوت بۆ بڕی نیوەی نرخی دەورانی کابینەی ئەحمەدی نژاد دابەزیوە. دەزانین کە ڕاکێشانی سەرمایەی خارجی، وێڕای ئەمنیەت و پێکهاتەی حقوقی گونجاو، کە وادیار نییە رژیمی ئیسلامی ئیمکانی دابین کردنی ئەوی بە ئاسانی هەبێت، پێویستی بە بونیات نانەوەی ژێربینای وێران بووی ئابووری، وەک ئاو و بەرق و بەندەرگا و هێڵی کارای پێوەندی و هێزی پسپۆڕ و شارەزا و بەتوانای ناوچەیی و هیتر هەیە و دەستپێکی ئەم پرۆسەیە پێویستی خێرای بە بڕێکی زۆر پارەیە.بەڵام بارودۆخێک کە سەبارەت بە داهاتە نەوتیەکان ئاماژەمان پێكرد، ئەم پارە زۆرە لەکوێوە بێجگە لە ڕێگای وەرگرتنی وام لە سیستمی بانکی جیهانیەوە دابین دەبێت؟ ئەزمونی هەموو دنیا لە وڵاتانی دواکەوتوی سەرمایەداری وەک ئێران نیشانی داوە کە لە گرتنە پێشی ئەم سیاسەتەدا بێجگە لە کۆیلە تر بوونی خەڵک لە چنگ ئینحساراتی جۆراوجۆر و هەژاری و رۆژڕەشی زیاتر هیچی تری بۆیان بەدواوە نەبووە. واتا ئەگەر زەمانێک خەڵک دەبوو تاوانی پێداگری ڕژیم لەسەر سیاسەتی هەستەیی بدەنەوە، لەمرۆدا لە دەورانی دوای تەوافوقیش ئەم خەڵکە دەبێ تاوانی بنیاد نانەوەی پیشەسازی فەرسودە و داڕماو بدەن. تەنیا وەعدەی ڕاستەقینە کە کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانێ بە سەرمایەداران و وام دەرانی خاریجی بدات، هێزی کاری هەرزانە لە ئێران. پێشکەش کردنی هێزی کاری هەرزان لەو وڵاتانەی کە چینی کرێکاری لەگەڵ بنەماڵەکانیان زیاتر لە نیوەی دانیستوانی وڵات پێکدێنن، چ واتایەکی بێجگە لە توند کردنەوەی چەوساندنەوە و داسەپاندنی هەژاری و بێبەشی زیاتر بەسەر زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتانە دەبێت؟ بەڵام کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم ڕەوتە ناتوانێ لەسەر شتێک بێجگە لە کرێکارانی موتیع و گوێ ڕایەڵ کە ترسێندراوی ڕژیم و تەسلیمی چارەنووسی خۆیان بوبێتن، سەرمایەگوزاری بکات. ئەوەیە ئەو سەرمایە ڕاستەقینەی کە دەوڵەتی رۆحانی بۆ بنیاد نانەوەی پیشەسازی پەرتوکاوی ئێران و هاندانی سەرمایەگوزارانی خاریجی حیسابی بۆ کردۆتەوە. بە واتایەکی تر کرێکاری ئێرانی دەبێ زیاتر کاربکات و کەمتر وەربگرێت و دەنگیشی دەرنەیەت، تا دەوڵەتی رۆحانی بتوانێ وامەکانی بداتەوە و ژێرخانی ئابووری ئێران ببوژێنێتەوە.ئێستا کۆمەڵگە لە حاڵەتی چاوەڕوانیدا بەسەر دەبات، سیاسەتێکی کە ڕژیم لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا خەریکی تەبلیغ کردنیەتی. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە لەبەر ئەوەی کە دیمەنگای بەجێهێشتنی بارودۆخی ئێستا و پێکهێنانی مەوقعیەتێکی جێی ڕەزامەندی نابیندرێت، لەوێوە کە هێرش بۆسەر بەڕێچونی کرێکاران ئاستێکی نوێ بەخۆیەوە دگرێت، بێ سەمەر بوونی جاوەڕوانیەکان بە زوویی ئاشکرا دەبێت و جەماوەری کرێکاران بۆ بەرگرتن لە لەبەین چوونی جەستە و دەرونیان، چارەیەکیان بێجگە لە ناڕەزایەتی و خەبات نابێت. پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاری، خۆی زەمینە خۆشکەرێکی گرنگە بۆ پەرەسەندنی خەباتی کۆمەڵایەتی. لە ئاوا دیدگایەکەوەیە کە دەکرێ بوترێت، تەوافوقی هەستەیی دەردە بێ دەرمانەکانی ڕژیم ئیسلامی چارەسەر ناکات، بەڵام ئاسۆیەکی نوێ بەرووی خەباتی کۆمەڵایەتی لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا دەکاتەوە.