چه‌كدار بوونی پۆلێكی دیكه‌ له‌ كچان و كوڕان به‌ ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌

859
رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٤ی مانگی سه‌رماوه‌ز، پۆلێكی دیكه‌ له‌ كچان و كوڕانی تێكۆشه‌ر پاش تێپه‌ڕ كردنی سه‌ركه‌وتووانه‌ی ده‌وره‌ی سیاسی ـــــ نیزامی له‌ ئاموزشگای پێشمه‌رگایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ به‌ ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوون.
مه‌راسمی چه‌كدار كردنی ئه‌م پۆله‌ له‌ كچان و كوڕان سه‌ره‌تا به‌ سرودی ئه‌نترناسیوناڵ ده‌ستی پێكرد و پاشان بۆ رێزگرتن له‌ یادوبیره‌وه‌ری سه‌رجه‌م گیان به‌ختكردووانی رێگای ئازادی و سوسیالیزم ده‌قیقه‌یه‌ك بێده‌نگی راگیرا. بێده‌نگییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن موجری به‌رنامه‌كه‌ هاوڕێ “كه‌یوان ئه‌حمه‌دی” به‌ كۆپله‌ شێعرێك، شكێندرا. پاشان به‌ بۆنه‌ی چه‌كدار بوونی په‌لی هاوڕێی گیان به‌ختكردوو “محه‌ممه‌د پووپه‌ك” ناسراو به‌ (حه‌مه‌ی حاجی) هاوڕێ ئه‌ره‌ستوو گه‌له‌داری به‌رپرسی ئاموزشگای پێشمه‌رگایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ وتارێكی پێشكه‌ش كرد. به‌دوای وتاره‌كه‌ی هاوڕێ ئه‌ره‌ستوودا له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی ئاموزشگاوه‌ هاوڕێیانی تازه‌ پێشمه‌رگه‌، كارت و چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تیان پێدرا و سرودی “رێ خه‌بات”یان پێشكه‌ش كرد. دواتر هاوڕێی تازه‌ پێشمه‌رگه‌ “فه‌رهووش مورادی” به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ لایه‌ن هاوڕێیانی هاوده‌وره‌یه‌وه‌، وتارێكی پێشكه‌ش كرد. دواتر مه‌راسمه‌كه‌ له‌ نێو شادی و خۆشی به‌شداربووان كۆتایی پێهات.