چه‌ند ڕووداوی هاتووچۆ له‌ شاره‌كانی كوردستان

423w

به‌پێی راپۆرته‌‌كان، به‌هۆی پێكدادانی ئۆتۆمبێلێك به‌ دیواری كۆشتارگای شاری بۆكان، تازه‌لاوێكی ١٦ ته‌مه‌ن گیانی له‌ده‌ستدا.
به‌رپرسی تیمه‌كانی فریاكه‌وتنی شاری بۆكان، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٨ی مانگی خه‌رمانان ڕایگه‌یاند، دوانیوه‌ڕۆیی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌ هۆی پێكدادانی ئۆتۆمبێلێك له‌گه‌ڵ دیواری كوشتارگای ئه‌مشاره‌ هه‌ڵكه‌وتوو له‌ بلواری “ساحێلی”، تازه‌لاوێكی ١٦ ساڵ ته‌مه‌ن گیانی له‌ده‌ستدا و شۆفیر ماشێنه‌كه‌ش كه‌ ته‌نها ١٣ ساڵ ته‌مه‌نی بووه‌ به‌هۆی ئه‌م ڕووداوه‌ بریندار بوو. به‌رپرسی تیمه‌كانی فریاكه‌وتن هۆكاری ئه‌م ڕووداوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر، سورعه‌تی زۆر و كۆنتڕۆڵ نه‌كرانی ئۆتۆمبێلێكه‌ له‌ لایه‌ن ڕانه‌نده‌كه‌وه‌. شایانی باسه‌ له‌ مانگی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵیشدا، ئۆتۆمبێلێك به‌هۆی سوڕعه‌تی زۆر و پێكدادانی له‌گه‌ڵ دارێك له‌ جادده‌ی “كه‌مه‌ربه‌ندی”، ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستدا. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، شه‌وی چوارشه‌ممه‌ له‌سه‌ر پێنجشه‌ممه‌ به‌هۆی پێكدادانی ئۆتۆمبێلێك له‌ ڕێگه‌ی “بێستوون” له‌ كرماشان، دوو هاووڵاتیی به‌ سه‌ختیی بریندار بوون كه‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌. شایانی باسه‌ ئه‌م دوو هاووڵاتییه‌ به‌ هۆی سه‌ختیی برینه‌كانییه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. له‌ ڕووداوێكی دیكه‌ی هاتووچۆش له‌ شاری قه‌سری شیرین كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستدا و دوو كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. هه‌موو ساڵێك به‌هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و پێكدادانی ئۆتۆمبێله‌كان له‌ جادده‌ پڕ حادیسه‌كانی ئێران، ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌بنه‌ قوربانیی و گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ئێران زیاتر كه‌مته‌رخه‌میی و ڕه‌چاونه‌كرانی یاساكان وه‌ك هۆكار ده‌ناسێنێت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ناستانداربوونی جادده‌كان و ئۆتۆمبێله‌كانی به‌رهه‌می ناوخۆ و خاڵه‌ پڕ حادیسه‌كان، به‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی دێنه‌ ئه‌ژمار.