چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قوربانیانی هێرشی تیرۆریستی له‌ ئانكارا

506
به‌ پێی راپۆرته‌كان، ژماره‌ی قوربانیانی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان بۆسه‌ر رێپێوانی ئاشتی حێزبی “دیمۆكراتیكی گه‌لان” و هێزه‌ چه‌پ و سوسیالیسته‌كان له‌ نزیك وێستگه‌ی ناوه‌ندی رێگای “ئانكارا” پێته‌ختی توركیه‌، هه‌روا روو له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌.
ئه‌م هێرشانه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ ١٢١ كوژاو و سه‌دان برینداری لێكه‌وتۆته‌وه‌. زۆربه‌ی قوربانیان، له‌ هاوڵاتیانی لاوی توركیه‌ن كه‌ دوابه‌دوای ناڕه‌زایه‌تی به‌ شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیه‌ و وتنه‌وه‌ی ده‌نگی ئاشتی و ئازادیخوازی، بوونه‌ ئامانجی ته‌قینه‌وه‌كان و گیانیان له‌ده‌ستدا. شایانی باسه‌ “مه‌لته‌م مه‌لا ئۆغلو” یه‌كێك له‌ پالێوراوانی پارتی دیمكراتیكی گه‌لان و “زیا سایگین” به‌رپرسی پارتی دیمۆكراتیكی گه‌لان له‌ شاری “گه‌بزیه‌”ش له‌ نێو قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كانی رۆژی شه‌ممه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌ون. پێش له‌م كاره‌ساته‌ش، له‌ مانگی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵدا دوابه‌دوای ته‌قینه‌وه‌ له‌ نێو میتینگی لاوانی سوسیالیست و چه‌پ له‌ شاری “سوروچ”ی توركیه‌ له‌ سنووری سوریه‌، كه‌ به‌نیازی گه‌یاندنی یارمه‌تی بۆ شاری خۆڕاگری “كۆبانی” بوون، ٣٠ كه‌س كوژران و زیاتر له‌ ١٠٠ كه‌سیش بریندار بوون. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ دوابه‌دوای ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌، شه‌وی شه‌ممه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی شاره‌كانی ئانكارا، ستانبول، دیاربه‌كر، ئێزمیر، باتمان، شانلی، ئۆرفه‌ و وان رژانه‌سه‌ر شه‌قامه‌كان. ناڕازییان به‌ هه‌ڵگرتنی پلاكاردگه‌لێك به‌ ناوه‌ۆكی “ئۆردۆغان قاتڵه‌”، له‌دژی “ره‌جه‌ب ته‌یێب ئه‌ردۆغان” سه‌رۆك كۆمار و ده‌وڵه‌تی “ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلوو” سه‌رۆك وزیر دروشمیان به‌رز كرده‌وه‌. خۆپیشانده‌ران، ده‌وڵه‌تی توركیه‌ به‌ به‌رپرس و هۆكاری ئه‌م توندوتیژی و كوشتارانه‌یان ناولێبرد. مه‌ئمورانی پۆلیسی توركیه‌ به‌ هێرش بۆسه‌ر ناڕازییان و هاویشتنی گازی فرمێسكڕێژ، بڵاوه‌یان پێكردن.