ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر بارودۆخی كرێكارانی شیركه‌تی كیماك

422w
شیركه‌تی “كیماك” هه‌ڵكه‌وتوو له‌ مه‌ودای ٢٥ كیلۆمێتری جادده‌ی دێهگولان له‌ ته‌نیشت كاشی كه‌سرا، ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ مایه‌پووچیان ڕاگه‌یاندووه‌ و به‌ مه‌به‌ستی فرۆشتن دراوه‌ته‌ دادگا.
به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، ئێستا دوای ٦ ساڵ بۆ كرێكارانی ئه‌م شیركه‌ته‌ كه‌ له‌ بواری درووست كردنی “وه‌یفێر” و “شۆكه‌لاتی تافی”دا خه‌ریكی كار بوون، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ “بێهزاد شاه غه‌یبی” به‌ یارمه‌تیی ده‌ستووپێوه‌نده‌كانی ڕژیم له‌ دادگای سنه، نه‌ك هه‌ر كڵاویان كردووه‌ته‌ سه‌ر نوێنه‌ری كرێكاران، به‌ڵكوو هه‌قی بیمه‌ی زۆربه‌ی كرێكارانیان له‌ ساڵدا ته‌نها دوو بۆ سێ جار تێكردووه‌. كرێكارانی ئه‌م ‌كارخانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوو شیفتی ١٢ سه‌عاتیدا خه‌ریكی كارن، دوای ماوه‌یه‌كی زۆر یه‌ك له‌سه‌ر سێی هه‌قده‌سته‌كانیان پێداروه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ نوێنه‌ری كرێكاران چه‌ندینجار له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی كاری شاری سنه‌ قسه‌ی كردبوو و ڕایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ركوو هه‌قده‌سته‌كانمان پێنه‌درێت ده‌ست ده‌ده‌یه‌ن كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئیداره‌ی كاری سنه‌ له‌ وڵامدا ڕایگه‌یاند كه‌ كارخانه‌ له‌ ژێر چاودێریی دادگوسته‌ری دایه‌ و هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌. شایانی باسه‌ به‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م شیركه‌ته‌، هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم له‌ شوێنی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ ئاماده‌ بوون و كرێكارانیان دایه‌ به‌ر لێدان و سووكایه‌تی پێكردن.