ڕێوڕه‌سمی ڕێزگرتن له‌ ساڵڕۆژی پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ فه‌نلاند

20
به‌ بۆنه‌ی ڕێزگرتن له‌ ١١ی خه‌رمانان، ٣٣هه‌مین ساڵڕۆژی پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، ڕێوڕه‌سمێك له‌ لایه‌ن كومیته‌ی ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب ــ واحید فه‌نلاند، له‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه‌ ١٣ی مانگی خه‌رمانان له‌ شاری “ئێسپۆ” و به‌ به‌شداریی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگران و دۆستانی حیزبی كۆمۆنیست و نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك له‌ حیزب و ڕه‌وته‌ سیاسییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو. به‌دوای به‌خێرهاتنی به‌شداربووان و خوێندنه‌وه‌ی ڕیزی به‌رنامه‌كان له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕێوه‌ڕه‌سمه‌كه‌ هاوڕێیان “به‌دری زه‌مانی و خه‌بات بێساران”، ڕێوه‌ڕه‌سمه‌كه‌ به‌ سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی كرێكار ده‌ستیپێكرد. پاشان یه‌ك ده‌قه‌ بێده‌نگیی بۆ ڕێزگرتن له‌ یادی سه‌رجه‌م هاوڕێیانی گیانبه‌ختكردووی ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و هه‌روها گیانبه‌خكردووانی ڕێبازی ئازادیی و سۆسیالیسم ڕاگیرا. له‌ درێژه‌دا هاوڕێ “پوویا محه‌ممه‌دی” وتارێكی به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران پێشكه‌ش به‌ به‌شداربووان كرد. ناوبراو له‌ قسه‌كانیدا، وێڕای پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه‌ و ئاماژه‌ به‌ چۆنیه‌تیی پڕۆسه‌ی پێكهاتنی حیزب و زه‌رووریات و مه‌لزوومه‌كانی ئه‌نجامی ئه‌م بڕیاره‌، جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وتی خه‌باتكارانه‌ و چینایه‌تی و ڕه‌وابوونی پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ فه‌زای پڕجمۆجۆڵی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ كرده‌وه‌. هاوڕێ پوویا له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌ بارودۆخی كۆمه‌ڵگه‌ و قه‌یرانه‌كانی داوێنگیریی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی، خه‌باتی چینی كرێكار و كێشه‌وگرفته‌كانی سه‌ر ڕێگه‌ی و هه‌روه‌ها ڕۆڵ و كاردانه‌وه‌ی حیزب له‌ بواره‌كانی جۆراجۆری خه‌بات كرد و وێڕای ئاماژه‌دان به‌ ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی ئه‌م ده‌وه‌ره‌یه‌ له‌ كار و چالاكیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌وڵدانی هه‌رچی زیاتر بۆ ڕۆڵ گێرانی كارامه‌تر له‌ هه‌موو بواره‌كانی خه‌باتی ئازدایخوازانه‌ و چینایه‌تیی ئێستا و ته‌بدیل كردنی حیزب به‌ زه‌رفێكی سازماندان و چالاكیی ڕێبه‌ران و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران كرد.