ژینگە، قوربانی قازانجپەرستی سەرمایەداران

لە نۆهەمین رۆژی کۆبونەوەی جیهانی گۆڕانی ئیقلیمی لە شاری پاریس نوێنەرانی ١٩٥ وڵاتی دنیا هەروا بەشوێن تەوافوقەوەن بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ کێشە و گرفتی گۆڕانی ئاو و هەوا. یەکێک لە مێحوەرەکانی ئەم ئیجلاسە هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە تەوافوقێک لەسەر شێوەکانی کۆنترۆڵ کردنی گەرم بوونی زەوی و دۆزینەوەی کۆمەڵێک رێگای کرداری بۆ کەم کردنەوەی مەسرەفی سوتەمەنیە فوسیلیەکان. لۆران فابیوس، وەزیری دەرەوەی فەرانسە کە سەرۆکایەتی ئەم ئیجلاسەی لە ئەستۆیە هیواداری دەربڕیوە ” کە تا رۆژی جومعه‌ بگەنە تەوافوقێکی کۆتایی” و جان کری وتویەتی کە “ئێمە گەیشتوینەتە خاڵێکی باش بۆ تەوافوق کە هیچ کات پێشتر نەبووە.” بەڵام سەرەڕای دەربڕینی هیواداری نوێنەرانی ئەم وڵاتانە بۆ دەستڕاگەیشتن بە تەوافوقی هەمەلایەنە، گرفتی سەرەکی بە کرداری بوونی رێگا چارەکانە بۆ کەم کردنەوەی گازە گوڵخانەییەکان. ئیجرای ئەم رێگاچارانە باری ئابووری هەیە و بۆرژوازی حاکم بەسەر ئابووریەکی گەورەی وەک چین، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا، هێند، روسیە و ئەندونزیدا کە زیاتر لە نیوەی گازە گوڵخانەییەکانی دنیا بەرهەم دێنن و هەروەها سەرمایەدارانی حاکم لە وڵاتانی دنیادا کە لە رقابەتی ئابووریدا لەگەڵ یەکتر لە وێران كردنی ژینگەدا پێش یەکتر دەکەون ئامادە نین هەزینەی ئیجرایی بوونی ئەم تەوافوقنامانە بدەن. لەم روەوە بۆ بەرگرتن لە وێران بوونی ژینگە رێگایەک بێجگە لە خەبات کردن لەدژی نیزامی سەرمایەداری له‌به‌رده‌مدا نییە.589 (1)

راستیەکەی ئەوەیە کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەوە ئاڵوگۆڕێکی خێرا و بێ وێنە لە ژینگەدا روویداوە. ئاسەوارە وێرانگەرەکانی مناسباتی بەرهەمهێنانی زاڵ بەسەر سروشت و دەروبەریدا خێراییەکی سەرسوڕهەێنەری بەخۆیەوە گرتووە. ئیتر تەقریبەن هیچ ژینگەیەک یا ئێکوسیستمێکی سروشتی لە ئاستی زەویدا بوونی نییە کە لانیکەم کەمێک توشی گۆڕان نەهاتبێت. گۆی زەوی بەشێوەیەکی مەترسیدار لە حاڵی لەبەین چوندایە. هەڵبەت هاوکات خەبات بۆ پاراستنی ژینگە پەرەیسەندوە و خەبات لەدژی دەور و نەخشی وێرانگەری نیزامی سەرمایەداری بەسەر سروشتی دەوروبەردا بەردەوام مەیدانێک لە شەڕ و کێشمە کێشی بزوتنەوەکانی لایەنگری ژینگە و باقی بزوتنەوە پێشڕه‌وه‌ کۆمەڵایەتیەکان بووە.
لەمرۆدا زۆربەی مەسایل و موشکلات و تەنگ و چەڵەمە ژینگەییەکان ئیتر وەک بابەتێکی ناوچەیی یان نەتەوەیی بە ئەژمار نایەن و بە سرنجدان بە وابەستە بوونی دوو لایەنە و لێک جیانەکراوەی ژینگەیی لەگەڵ مەباحسە کەڵانە ئینسانیەکانی وەک ئابووری، فەرهەنگ، گەشە کردن، سیاسەت، ئەخلاق و بە تایبەت جۆرە تایبەتەکەی واتە جوغڕافیای سیاسی و گەلێکی تر لە لایەنە مادی و مەعنەویەکانی ژیانی ئینسانەکان، وەک بابەتێکی جیهانی بەحێساب دێت. لە راستیدا هەموو کێشە و گرفتێکی ژینگەیی لە هەر قەبارەیەکی بچوکیدا و تەنانەت لە نێوخۆی سنورە قەراردادیەکانی وڵاتێکدا، وەک کێشەیەک بۆ کوللی دنیا و نەوعی بەشەر بەئەژمار دێت.
ئاوڕدانەوە لە ژینگە و پاراستنی سڵامەتی ئینسان و سەرجەم بونەوەرەکانی گۆی زەوی یەکێک لە ئوسولی ئەساسی لە بەردەوامی ژیان و کەڵک وەرگرتنە لە نێعمەتەکانی سروشت کە بە شێوەیەکی فراوان لە ئیختیار ئێمەدایە. بینینی رۆژانەی خۆمان و ئەرزیابییە کارناسانەکان لەم بوارەدا کە لە خزمەت سەرمایەدا نین، ئەم ڕاستیە بە روونی نیشان ئەدەن کە ئەساسەن زۆر ترینی ئەو بەڵایانەی کە بەسەر ژینگەدا دێن، سەرچاوە گرتوو لە دست درێژی تەماعکارانەی خاوەنانی سەروەت و دەسەڵاتە و ئەگەر کۆمەڵگە بەشێوەیەکی تر ئیدارە بکرێت و نەزمی بەرهەمهێنان و مەسرەف بەشێوەیەکی دیکە رێکبخرێت کە ئەساسەکەی وڵامدانەوە بە نیازە واقعیەکانی بەشەر بێت و هەموو شتێک بۆ ئینسانەکان حیساب بۆکراو و بە بەرنامە تەنیا بە ئەندازەی نیازەکانی لە سەرچاوە سروشتیەکان کەڵک وەربگرێت و بە بەرنامەی نەقشەمەند و کارناسانە، سەرچاوەکان نوێژنكردنه‌وه‌ و بونیات بنرێنەوە، سروشت سەدەمەی جیدی به‌رناکەوێ و نیزامی ژینگەیی توشی قەیران نابێت!
ئەگەرچی پاراستنی ژینگە ئەرکی دەوڵەت و حکومەتەکانە و بۆ بەرگرتن لە وێران بوونی ژینگە دەبێ دەوڵەتەکان بخرێنە ژێر گوشارەوە، بەڵام تاک بە تاکی خەڵکیش تا رادەیەک ده‌توانن سەهمێکیان لە بەرگرتن لە وێران بوونی زیاتر لەڕادەیدا هەبێت. ئینسانەکان سەربەخۆ لەوەی کە دەوڵەتەکان تا چ ئاستێک دەوریان هەیە لە پاراستنی ژینگەدا دەتوانن “ئەخلاقی ژینگەیی” خۆیان بەهێز بکەن.
ئەخلاقی ژینگەیی، جۆرێکە لە هەڵسووکەوتی ئینسانی بەرپرسیار و موتەمەدنی ئەمرۆیی کە بەبێ ئەوەی کەسێک پێی بڵێ، رێز بۆ: سروشت، ژینگە و بۆ قانونمەندییە ژینگەییەکان، دادەنێ و خۆی بە بەرپرسی ره‌عایەت کردنی پاراستنی ژینگەکەی دەزانێت و هەوڵئەدات لە سنوری ئیختیارات و حەریمی ژیانی خۆیدا لە پاراستنی ژینگەدا دەوری هەبێت.
ئەگەر بێت و کەسانێک لە مەسرەفی بەرق، ئاو، لە مەسرەف کردنی هەموو شتێکیتردا زێدەرۆیی نەکەن، هەر ئەوەی کە ئینسانەکان ئاگایان لە بێهداشتی ژینگەیە و زبڵ و زاڵ لەسەر شەقام و پارکەکان و کوچە و کۆڵانەکان ناڕێژن، هەر ئەوەندی کە ئینسانەکان تێدەگەن کە بوونی بوونەوەرە زیندوەکانی حەیوانی و گیایی ئاڵقەیەکە لە چەرخەی ژینگەیی و نابێ لەنێویانبەرن، ئەوەی کە هەوڵ ئەدەن زبڵەکان لێک هەڵاوێرن و سەرلەنوێ دروستیان بکەنەوە، هەر ئەوەی کە ئینسانەکان بەبێ بەرنامە لە نایلۆن و کیسەی پلاستیکی و زەرفی یەکبار مەسرەف کەڵک وەرناگرن، هەموو ئەم کارە بچوکانەی کە دەکرێ بکرێن لە ئاستی خۆیاندا سڵامەتی ژینگەیی زیاتر دەکات.
دیارە کەسانێک کە بەم رادەیە لە هەستیاری بگەن کە خۆیان ئەم خاڵە ئاساییانە ره‌عایەت بکەن، حەتمەن کەسانی تریش هان ئەدەن وەک خۆیان سەبارەت بە ژینگەی دەوروبەریان هەستیار بن. ئەخلاقی ژینگەیی بەم شێوەیە گشتگیر دەبێ.
بەڵام گومانی تێدا نییە لە نیزامێکدا کە هەموو شتێک لەسەر پاشنەی گەردشی سەرمایە و دەستەبەر کردنی قازانج دەسوڕێ و بۆ کۆکردنەوەی سود هەموو شتێک لەوانە ژینگە دەکرێتە قوربانی، رەواجی فەرهەنگ و ئەخلاقی ژینگەیی بەتەنیایی کافی نییە بەڵکو دەبێ لەگەڵ مناسباتێکدا دەستوپەنجە نەرم بکرێت کە بە حوکمی ماهیەتە زاتیەکەی رۆژانە بەبێ سرنجدانە ئاسەوارە خێرا و درێژماوەکانی گۆشەیەک لە سروشت وێران دەکات.

هەرچەند لە نیزامێکدا کە ساختارەکەی لەسەر بنەمای مالیکیەت، چەوسانەوە، هەڵاواردن و کەسبی سود بنیاد نرابێت؛ دەوری کەسەکان لە پاراستنی ژینگەدا کەم رەنگ دەبێتەوە و ژینگە ئەساسەن توشی تەماعکاری دەسەڵاتداران و خاوەنانی سەروەت دێت، بەڵام کومونیستەکان وەک کۆمەڵێک ئینسانی بەرپرس لە بەرانبەر چارەنووسی کۆمەلگەی بەشەریدا ناتوانن سەبارەت بەم بابەتە حەیاتیە بێ تەفاوەت بن. کومونیستەکان نە تەنیا لە سنور و حەریمی کار و ژیانی خۆیاندا هەوڵ ئەدەن تا سەهمێکیان لە پاراستنی ژینگەدا هەبێت، بەڵکوو لێبڕاوترین خەباتکارانی رێگای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ وێرانکاریە ژینگەییەکانی نیزامی سەرمایەدارین.
کومونیستەکان کە لە هەموو مەیدانێک لە فەعالیەتی کۆمەڵایەتیدا، پێشڕەو و سەرچاوەی گۆڕانن، ناتوانن سەبارەت بە ژینگەی دەوروبەریان بێ تەفاوەت بن. نابێ بێڵن بەبێ لەبەرچاو گرتنی نیازی ئینسانەکان و لەخزمەت بە هەستی قازانج پەرستی خاوەنانی سەرمایەدا زەوی وێران بکرێت، ئاوەکان پیس ببن، جوانی سروشت لەبەین بچێت. ژینگە سروشتیەکان ناشیرین و وێران بکەن و کۆمەڵگای بەشەری بخەنە بەر مەترسی کون بوونی لایه‌ی هەوای ئوزۆن و توانەوەی سەهۆڵەکان، بەرز بوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و سێڵاو و باهۆز و کارەساتی سەرچاوەگرتوو لێیانەوە.
ژینگەی ئێمە بە هەموو جوانیە سروشتیەکەیەوە، میراتێکی بەجیماوە بۆمان و دەبێ ئاگاداری لێبکەین و بە هەموو جوانیەکانیەوە بیدەینە دەست نەوەکانی داهاتوو!