کارەساتی خوێناوی ئانکارا پەڵەیەکی شەرمەزاری تر بە نێو چاوانی حکومەتی ئۆردوغانەوە

بەپێی دوایین راپۆرتەکان، ژمارەی قوربانیانی هێرشە خۆکوژیەکەی رۆژی شەممەی ئانکارا گەیشتۆتە زیاتر لە ١٠٠ کەس. لە جەریانی ئەم عەمەلیاتە خۆکوژیەدا زیاتر لە ٢٤٠ کەسیش بریندار بوون کە نزیکەی ٥٠ کەسیان بارودۆخیان خراپە. بەپێی راپۆرتەکان لە حاڵێکدا کە خۆپیشاندانی هێزە چەپ و ئازادیخوازەکان لە ناڕەزایەتی بە سەرکوتەکانی ئەم دواییە لە تورکیە و لەوانە لە ناڕەزایەتی بە هێرشی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر شارەکانی کوردستان لە دەرەوەی ئیستگای ناوەندی ڕێگای ئاسنی ئانکارا لە ئارادا بوو بۆمبەکان تەقیونەتەوە. ئەم رێپێوانە لەژێر ناوی “ئاشتی و دیموکراسی” دا لەسەر بانگەوازی سازمانە چەپەکان، حیزبی دیموکراتیکی گەلان و چەند یەکێتیەکی کرێکاری پێکهاتبوو. بەپێی هەواڵەکان پۆلیسی تورکیە هێرشی کردۆتە سەر ئەو کەسانەی کە ویستویانە یارمەتی ئەو بریندارانە بدەن کە خەڵتانی خوێن لە مەیدانەکەدا کەوتبوون.بەشوێن ئەم کارەساتە گەورەدا داود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیە وێڕای راگەیاندنی ٣ رۆژ ماتەمینی گشتی لەوپەڕی بێشەرمیدا، پ. کا. کا، چەپگەرا ماڕکسیست ــــ لینینیستەکان و حیزبی ئینقلابی ئازادی خەڵکی تورکیەی له‌ ریزی داعش ناولێبرد و ئه‌وانی بە هۆکاری بیلقوەی ئەم جەنایەتە ناساند. سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیری تورکیە لە حاڵێکدا داوای توێژینەوە و تەحقیقاتیان لەبارەی ناسینەوەی سه‌به‌بكارانی ئەم جەنایەتە کردوە کە دەزگا دەوڵەتییەکەیان تا ئێستا نه‌یانویستووه‌ تاوانبارانی هێرش کردنەسەر هەڵسوڕاوانی سوسیالیستی لایەنگری بزوتنەوەی خۆڕاگری کۆبانی لە شاری سوروچ بدۆزنەوە و رێکخەرانی هێرش بۆسەر کۆبونەوەی هەڵبژاردنی حیزبی دیموکراتیکی گەلان لە شاری دیاربەکر لە مانگی ژوئیەی هێشتا بە خەڵک نەناساندوە.554

بە ناسینی ماهیەتی ئەم دەغەڵکاریانە و سیاسەتی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئۆردوغان و داود ئۆغڵو بوو کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە ١٠ و رۆژی یەکشەممە ١١ی ئۆکتۆبەردا بە هەزاران کەس لە شارەکانی ئیستانبول و ئانکارا و ئیزمیر رژانە سەر شەقامەکان و بە هەڵگرتنی ئەو پلاکاردانەی لەسەریان نووسرابوو “قاتڵەکان دەناسین” و بە دانی دروشمی “خەڵک دەزانن قاتڵ کێیە”، ” ئۆردوغان قاتڵە”، نه‌فره‌ت و بێزاری و ناڕه‌زایەتی خۆیان لەدژی جەنایەتەکانی دەوڵەت دەربڕی. سەلاحەدین دمیرتاش، یەکێک لە رێبەرانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان لە کاردانەوە بە قسەکانی ئۆردوغان کە وتبووی ” ئامانج لە هێرشی تیرۆریستی زەربەدان بووە لە یەکپارچەیی، هاوپشتی و ئاشتی لە وڵاتدا” وتی: “ئەم هێرشە، هێرشێک نەبوە بۆسەر یەکپارچەیی و شتی لەمجۆرە، بەڵکو هێرشی دەوڵەتە بۆسەر خەڵک. ئێوە قاتڵن. دەستتان بەخوێن سورە.
کارەساتی خوێناوی ١٠ی ئۆکتۆبر لە درێژەی مەنتیقی عەمەلیاتی تیرۆریستی لەدژی لاوانی سوسیالیست لە شاری سوروچ، هێرش بۆسەر کۆبونەوەی هەڵبژرادنی حێزبی دیموکراتیکی گەلان، گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی چەپ و ئازادی خواز لە ئاستی سەرتاسەریدا، هێرشی نیزامی بۆسەر شارەکانی کوردستان و بۆمباران کردنی پێگەکانی پ. کا. کا لە کوردستانی عێڕاق روویداوە. رۆژژمێری جەنایەتەکانی ئۆردوغان لە شکستی هەڵبژاردنی ٧ی ژوئێنەوە تا ئێستا نیشانی ئەدات کە ئۆردوغان لە رێبەریی حیزبی ئاک پارتیدا بۆ پاوان کردنی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی خۆیدا لە هیچ جەنایەتێک سڵ ناکات. ئۆردوغان لە مانگی ئوتی ٢٠١٤ دا کە “حیزبی کۆماری خوازی گەل”ی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا شکستدا و هەوڵی داوە پێگەی سەرۆک کۆماری کە لە پێکهاتەی حکومەتی تورکیەدا لایەنی تەشریفاتی هەبوو بە دانانی داود ئۆغڵوی هاوپەیمانی نزیک لەخۆی وەک سەرۆک وەزیر بکاتە ناوەندێکی بەهێز. لە هەڵبژاردنی ٧ی ژوئێنیشدا ئۆردوغان بە دوای بەدەست هێنانی زۆرینەی پاڕلمانیدا بوو بۆ ئاک پارتی تا بە پشت بەستن پێی بتوانێ قانونی ئەساسی بگۆڕێت و سەرۆک کۆماری بکاتە ناوەندێکی بەهیزی ئیجرایی و لەم رێگایەوە درێژە بە سەرەڕۆییەکانی بدات. بەڵام سەرکەوتنی حیزبی دیموکراتیکی گەلان لە هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێندا ئاواتەکانی ئۆردوغانی بۆ بوون بە سەر کۆمارێکی بەهێز لە دیکتاتۆڕیەکی پاڕلمانیدا بە بادا.ئۆردوغان و ئاک پارتی بۆ قەرەبوو كردنی شکستی هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێن نە تەنیا هێرشی نیزامی بەرینیان لەدژی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان سازماندا بەڵکو بۆ پاشەکشە کردن بە هێزە چەپ و سوسیالیست و ئازادی خوازەکان لە سەرتاسەری تورکیە کە رۆحی بزوتنەوەی داگیركردنی پارکی گزی لە ناڕەزایەتیەکانیدا دەردەخات لەهیچ کردارێکی تیرۆریستی و جەنایەتێک ده‌ست ناپارێزێت.
حیزبی ئاک پارتی کە پەروەندەی گەندەڵی ماڵی، پەروەندی پشتیوانی لە ئێخوان موسلمین لە میسر، ئەلنێهزە لە تونێس و ڕەوتە ئیسلامیەکان لە لیبی و هاوکاری لەگەڵ داعشی لەبن باڵ دایە، بە کوشتاری چالاکانی سوسیالیستی لایەنگری بزوتنەوەی خۆڕاگری کۆبانی لە شاری سوروچ و بە عەمەلیاتی تیرۆریستی ١٠ی مانگی ئۆکتۆبر لە ئانکارا و درێژەدان بە هێرش بۆسەر خەڵکی مافخوازی کوردستان پەروندەی پڕ لە جەنایەتی خۆی قەبەتر دەکات. حیزبی ئاک پارتی کە بەرەوڕووی شەپۆلێک لە نەفرەت و بێزاری ئینسانە ئازادیخواز و سیکۆلارە دژی داعشەکان بۆتەوە لە سەرتاسەری تورکیەدا بە کرداری تیرۆریستی و بە میلیتاریزە کردنی کوردستان و پەرەدان بە دەمارگرژی دواکەوتوانەی ناسیۆنالیستی و شۆوینیستی پان تورکیستی ناتوانێ ئەو هاوسەنگی هێزەی ئێستا تێکبدات و کۆتایی بە بونبەستە سیاسیەکانی بێنێ.
دەوڵەتی تورکیە لە دوو مانگ لەوە پێشەوە ئیجازەی بە هێزەکانی ناتۆ داوە تا کەڵک لە پێگەی ئاسمانی ئینجرلیک لە خاکی ئەم وڵاتەدا وەربگرن بۆ عەمەلیات لە سوریە و عێڕاق لە بەرانبەر دروست کردنی ناوچەیەکی بۆشایی لە خاکی سوریەدا و دەستەبەر کردنی رەزامەندی زمنی دەوڵەتانی ئامریکا و ئوروپایی بۆ هێرشی هەمە لایەنە کردنەسەر خەڵکی کوردستان و بەرەی ئازادیخوازی لە سەرتاسەری تورکیە. ده‌وڵه‌تی توركیه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌وڵی داوه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی به‌رنامه‌بۆداڕێژراو به‌ په‌ره‌پێدان به‌ قه‌یرانی په‌نابه‌ریه‌تی و سات و سه‌ودا كردنی پشتی په‌رده‌ و شاراوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ئوروپایی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م قه‌یرانه‌، خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ له‌ توركیه‌ و بزووتنه‌وه‌ی عادڵانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی له‌ نێو بێده‌نگی ژۆرنالیسمی ئه‌جیر و گوێ له‌مستی رۆژئاوا، خه‌ڵتانی خوێن بكات.
دەوڵەتی ئەم وڵاتە دوای شکستی هەڵبژاردنی ٧ی ژوئێن و پەرەگرتنی رۆحیەی خەباتکارانە لە شارەکانی کوردستان میلیتاریسم و نیزامیگەری خستوەتە جێگای ڕەوتی وتووێژ لەگەڵ پ. کا. کا و پرۆسەی ناسراو بە ئاشتی. لە ئێستاشدا لە هەوڵدایە تا بە کرداری تیرۆریستی و توند کردنەوەی فەزای جەنگی لە کوردستان و وەجۆش هێنانی ئەفکاری دواکەتوانەی ناسیۆنالیستی و شۆوینیستی لە ئاستێکی سەرتاسەریدا و هێرش کردنەسەر دەفتەرەکانی حیزبی دیموکڕاتیکی گەلان و دروست کردنی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا بەکردەوە رەوتی هەڵبژاردن لە رۆژی یەکی نوامبردا رابگرێت. لە بارودۆخی ئێستادا پەرەسەندنی پێوەندی بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستانی تورکیە لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی سەرتاسەریدایە کە دەتوانێ تیرۆریزمی دەوڵەتی و سیاسەتی فاشیستی دەوڵەتی ئاک پارتی تووشی شکست بکات.