کۆماری ئیسلامی، رژیمێک کە بە ئێعدام کردنی زیندانیانی بێدیفاع قودرەت نمایی دەکات

ماشێنی کوشتاری رژیمی کۆماری ئیسلامی بێ ڕاوەستان لە حەرەکەت دایە. لەم رۆژانەی دواییدا جەنایەتکارانی رژیم بەبێ سڵەمینەوە و بێ گویدانە کاردانەوەی ڕای گشتی هەموو رۆژێک ژمارەیەک لە تاوانبار کراوانی عادی و سیاسی لە زیندانەکاندا ئێعدام دەکەن و هاوکات گوشار بۆسەر زیندانیانی سیاسی لە نێو زیندانەکانیشیاندا توندتر کردۆتەوە.رۆژی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژ زیندانی سیاسی، سیروان نژاوی، لە زیندانی ناوەندی تەورێز ئێعدام کرا. رۆژی سێ شەممە ٣ ی مانگی خه‌رمانان زیندانی سیاسی، بێهروز ئالخانی لەگەڵ ٥ زیندانی تر لە زیندانی ورمێ ئێعدام کران. رۆژ نییە کە هەواڵی لەم جۆرە بڵاو نەکرێتەوە. ئامارەکان نیشانی ئەدەن کە لەکاتی دەست بەکار بوونی دەوڵەتی “حەسەن رۆحانی”ەوە کەشی سەرکوت لە ئێراندا توندتر بۆتەوە و ژمارەی ئێعدامەکان لەم ولاتەدا گەیشتۆتە زیاتر لە دوو هەزار کەس.رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٦ ساڵی رابردودا لەپاڵ بەساتی سەرکوت و زیندان و شکەنجە و خەڵتانی خوێن کردنی هەموو ناڕەزایەتی و دەنگێکی ئازادیخوازانە، سزای ئێعدامی وەک توندوتیژیەکی ئاگاهانە و سازماندراو بۆ لەبەین بردنی نەیارانی سیاسی،520ناڕازیانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی ئەم نیزامە زاڵمانەی سەرمایەداری بەکارهێناوە. سزای ئێعدام وەک جەنایەتێکی سازماندراو لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئێستا یەکێک لە پایەکانی حاکمیەتی رژیمی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ ترساندنی خەڵک.سەرانی ئەم رژیمە بۆ بەلاڕێدا بردنی رای گشتی به‌ سرنجدانە ریشەی موسیبەت و نابەسامانیە کۆمەڵایەتیەکان، لە ڕێگای بڵندگۆ تەبلیغاتیەکانیانەوە سزای ئێعدامیان وەک ڕێگای بەرەنگار بوونەوەی نابەسامانیەکان و کاردانەوەیەکی قاتع لە بەرانبەر ئەم کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیانەدا بانگەواز دەکەن. دەڵێن کە ئەگەر ئێعدام نەبێت، بزێهكارانی کۆمەڵایەتی هاندەدرێن و ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی دەخەنە مەترسیەوە. ئەم ئیدیعایە لە حاڵێکدا مەتڕەح دەکرێت کە نە تەنیا ئەمنیەت لە کۆمەڵگەدا بەدی نەهاتوە، بەڵکو پێ بە پێی زیاد بوونی ژمارەی ئێعدامەکان، تاوانکارییش زیادی کردووە. بەملیۆن پەروەندە لەم بوارەدا لە دادگوستەریەکاندا لەسەریەک کەڵەکە کراونبەپێی تەجروبە عەینیەکان لەو وڵاتانەی کە تێیاندا سزای ئێعدام هەڵوەشاوەتەوە و بەپێی نەتیجەی توێژینەوەی کارناسانی کاروباری کۆمەلایەتی، هیچ ئامارێکی بەڵگەمەند و شاهیدێکی جێی باوەڕ، لەهیچ جێیەکی دنیا، بوونی نییە کە نیشانی بدات لە رێگای ئێعدامەوە بەکرێ بەر بە پەرەسەندنی جورم و تاوانکاری بگیرێت. بە پێچەوانە ئەم توێژینەوانە دەریدەخەن لە کۆمەڵگایەکدا کە کەلێنی چینایەتی نێوان هەژاری و سەروەت قوڵتر دەبێتەوە و نیزامی ئابووری دەبێتە هۆی هەژار تر بوونی زۆربەی خەڵک و هاوکات کەڵەکە بوونی سەروەتی کەڵان لە دەست گروپێکی بچوکدا، بەردەوام هەژاری و بێبەشیە کۆمه‌ڵایەتیەکان دەبنە بەستێنێک بۆ پەرەسەندنی جورم و جەنایەت. ئەزمونی مێژووییش ئەم راستیەی بە ئیسپات گەیاندوە کە لە وڵاتانی گەشەسەندووی سەرمایەداری لەو جێگایە کە خەباتی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز هێندێک ئیسلاحاتی کۆمەڵایەتی و بەرنامەی ریفاهی بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاندووە، لە رێژەی جەرایم و گزیکاری بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە. سەرجەم ئەزمونەکانی تا ئێستا دەرخەری ئەو راستیەن کە پەیڕەو کرانی مجازاتی ئێعدام لە لایەن دەوڵەتەکانەوە، کۆمەڵگا ئاسیب پەزیرتر دەکات و بارودۆخ و زەمینەی رەوانی گونجاوتر بۆ دیسان بەرەهەمهاتنەوە و پەرەسەندنی توندوتیژی و تاوانکاری فەراهەم دەکاتهەرچەند رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێعدامی زیندانیانی جەرایمی عادی بە پاساوی فریوکارانەی بردنەسەری ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئیجرای دادپەروەری ئەنجام ئەدات بەڵام راستیەکە شتێکی ترە. ڕژیم لە وەڕێخستنی شەپۆلی کوشتاری زیندانیان لە بارودۆخی ئێستادا ئامانجی سیاسی روون تری هەیە. هەر ئێستا بە سەدان کەس لە تاوانکارانی کۆمەڵایەتی لە سلولەکانی مەرگدا لە چاوەڕوانی ئیجرای حوکمی ئێعدامدا راگرتووە تا هەر کاتێک بە پێویستی زانی، ژمارەیەکیان دەربێنێت و بە داری ئێعدامیانەوە بکات. چەند رۆژ لەوەپێش زیندانیەکیان لە بەندەرعەباس ئێعدام کرد کە ٢١ ساڵ بوو لە زینداندا لەژێر تیغی ئێعدامدا راگیرابوو. رژیم لە کاریگەری سیاسەتی، تەسلیم لەبەرانبەر ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاواییدا، بەسەر زەینیەت و رۆحیەی خەڵکەوە بەتوندی نیگەرانە و خۆی لەبەرانبەر کاردانەوەی کرێکاران و جەماوری هەژاری خەڵکدا بەو بێ مافیە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی بەسەریدا سەپاندون، لە مەترسیدا دەبینێ. بۆ بەرگرتن لە هەڵچونی بورکانی قین و توڕەیی پۆنگخواردوی ئەم خەڵکەیە وا شەپۆلی کوشتاری زیندانیانی خستوەتە ڕێ. بەڵام ئەگەر ئەم سیاسه‌تە لە رابردودا کاریگەری لەسەر درێژەی مانەوەی رژیم هەبووە، لەمرۆدا کۆمەڵگەی ئێران لەباری نێوخۆیی و جیهانیەوە لە بارودۆخێک دایە کە ئەم جۆرە سیاسەتانە ئامانجی جێی سرنجی کۆماری ئیسلامی دابین ناکەن. ئەمرۆ ئیتر کرێکارانی ناڕازی و خەڵکی مافخواز و زۆرلێکراو و چەوساوە بەم کردارانە ناترسێندرێن. پەرەسەندنی خەباتی کرێکاران لەم مانگانەی دواییدا شاهیدی ڕاستیی ئەم ئیدیعایەن. ئەگەر سەرکوت لە دەورەیەکدا هێندێک پاشەکشەی خەڵکی بەدواوە بووە، لەمرۆدا بوارە عەینیەکانی هەڵچونی توڕەیی جەماوەری خەڵک فەراهه‌م دەکات. ئەم قین و توڕەییە سەرئەنجام “وەک سکڵی ژێر خۆڵەمێش”ی خەباتی جەماوەری مافخواز بلێسە دەستێنێ و بە تێکوپێکدانی کۆشکی زوڵم و زۆرداری کۆماری ئیسلامی، بوار بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان، پشت بەستوو بە هێزی سازماندراو و یەکگرتووی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، فەراهەم دەکات.

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →