کۆماری ئیسلامی لە ژێر مەنگەنەی قەیرانی هەستەیی و پەرەسەندنی قەیرانی ناوخۆییدا

پێشتر جەختمان لەسەر ئەم راستیە کردبۆوە کە لە زۆر لەوە پێشەوە هەموو باڵەکانی حکومەت بەم ئاکامە گەیشتبون پرۆژەی ئەتۆمی بە ئامانجەکانی سەرەتاوە ئیتر کارایی پێویستی بۆ قایم کردنی پێگەی ڕژیم لە نێوخۆ و هەروەها لە ناوچەکەدا نییە. لەبەر ئەوەی یەکەم، دەوڵەتی ئامریکا توانیویەتی هاوپەیمانەکانی لە پێوەند لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا تا ڕادەیەکی زۆر قەناعەت پێبێنێ و لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆیدا هاوئاهەنگیان بکات. دووهەم، کەمەری ئابووری ئێران، لەژێر باری گوشاری روو لەزیاد بوونی توحریمەکاندا، چەماوەتەوە و ئەم بارودۆخەی ئێستا بۆ کۆماری ئیسلامی شێاوی بەردەوام بوون نییە. کەوابێ دەبێ دەست لە درێژە پێدانی ئەم پڕۆژەیە هەڵبەت ئەوجۆرەی کە خۆیان ئیدیعا دەکەن، بە نیشاندانی ” نەرمشی قارەمانانە” هەڵبگرن.م ئاڵوگۆڕە لە سیاسەتی ڕژیمدا بە هاتنەسەر کاری دەوڵەتی رۆحانی و پەیگیر بوونی لە درێژەدانی جیدی بە مزاکراتی هەستەیی لە لایەن خۆی و دەوڵەتەکەیەوە لەگەڵ گوروپی ١+٥ دا دەرکەوت. رۆحانی ئەگەر هەموو وەعدە و بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردنی پوچ دەرچون، ئەمەیانی بە ئامانجی بە ئاکام گەیاندن گەلێک جیدی گرت. لەبەر ئەوەی رۆحانی دەیزانی کە بۆ پاراستنی ڕژیمەکەی ڕێگایەکی دیکەی نییە.399
بەپێی قسەی لایەنە وتووێژکارەکان وادیارە کە وتووێژەکان گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی. ئەگەرچی هێشتا ناکرێ سەبارەت بە ڕێژەی پێکهاتنەکان شتێکی ئەوتۆ بوترێ، بەڵام هێندێک هۆکار بوونیان هەیە نیشانی ئەدات کە ڕژیمی ئیسلامی سەرەڕای دروشمدانەکان و سەرەڕای نمایشی نیشاندانی دژایەتی، ناچارە کە ئەم وتووێژانە بە ئاکام بگەیەنێت. لەم روەوە ئامادەیە لەم بوارەدا، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە هەوڵدایە نیشانی بدات، ئیمتیازی زیاتریش بدات بە لایەنی بەرانبەر.

کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە شکستهێنانی لە وتووێژ لەگەڵ گوروپی ١+٥ ، لە رۆژئاوا و لەلای ڕای گشتی بەو مانایەیە کە نەتواندراوە بەربە حکومەتی ئێران بگیرێت لە مەسیری چون بە ئاڕاستەی دەست ڕاگەیشتن بە دەستەبەر کردنی چەکی ئەتۆمی لە ڕێگای ئاشتی خوازانەوە. دروست بوونی ئاوا فەزایەک بە کردەوە ڕێگا بۆ هێندێک باڵ لە مەحفەلە گەورە و بەهێزەکان لە دەزگای رێبەری ئامریکادا، کە ڕێگا چارە لە بژاردەی نیزامیدا دەبینن، دەکاتەوە. ئیئتیلافی نیزامی وڵاتانی عەرەبی و دخاڵەت کردنیان لە قەیرانی یەمەندا و دیفاعی ئامریکا و رۆژئاوا لەم ئیئتیلافە و جوڵانەوەی نیزامیان لە هەمانحاڵدا هۆشداریشە بە کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا.

لەگەڵ ئەمەدا نابێ ئەوەش لەبیر بکرێت کە هاوکات ئەم سیاسەتی پاشەکشە کردن یان هەمان ” نەرمی نواندنی قارەمانە” کە لەم وتووێژانەدا پەیڕەو دەکرێت، لەسەر ناوەرۆکی شەڕی دەسەڵات لە حکومەتی ئیسلامیدا لە ئارادایە. باڵە حکومەتیەکان لە هەوڵدان تا پێگەی باڵەکەیان بۆ سبەی رۆژی دوای وتووێژەکان و ئەگەری لابرانی گەمارۆکان پتەو بکەن. بەڵام لەم نێوانەدا کاری خامنەیی و بەیتەکەی وەک لایەنێکی مەسەلەکە و وەک بڕیاردەری سەرەکی لە وتووێژەکاندا هاسان نییە. ئەگەر خومەینی دەیتوانی جامی ژەهر بەسەرەوە بنێ و بەسەرپێوە بوێستێ، بەم دەلیلە بوو کە ئەو یەکەم، ڕەقیبێکی لە حکومەتدا نەبوو وە دوهەم، کۆمەڵگا لە درێژەی شەڕی ٨ ساڵەدا بە توندی ماندوو بێزار بوو. بارودۆخێکی لەم جۆرە بۆ خامنەیی لە ئارادا نییە. نەفرەت نەتەنیا لە سیاسەتی هەستەیی بەڵکو لە سەرتاپای کۆماری ئیسلامی کۆمەڵگەی ئێرانی داگرتوە و وەحشەت لە بوونی ئەم نەفرەت و بێزاریە بە هێزێکی مادی و موبارزاتی، خەوی لە چاوی سەرانی ڕژێم زڕاندوە. خامنەیی و بەیتەکەی و سپای پاسداران دەزانن ئەگەر لە ناخی حکومەتدا بتوانن لەگەڵ ڕەقیبەکانیاندا بۆ پاراستنی ڕژیم وەک ئامانج و ئاڕمانی هاوبەشیان، بەجۆرێک بسازێن یان ناکۆکیەکانیان بیخەنە پەڕاوێزەوە، چی لە خەڵکی نارازی و بێزار بکەن؟ خەڵکێکی کە لەژێر پەردەی دروشمی بێ ناوەرۆکی ” وزەی هەستەیی مافی سەلمێندراوی ئێمەیە”، چەندجار بەرەو ژێر هێڵی هەژاری پاڵ پێوەنراون و لە لانیکەمی ئیمکاناتی ژیانێکی ئینسانی بێبەش کراون.

نەتەنیا خامنەیی بەڵکو سەرجەم ڕژیمەکەی لەمرۆدا لە لایەکەوە لەژێر گۆشاری گەمارۆکان و لە لایەکی ترەوە لەژێر گۆشاری ڕاستەقینەی بارودۆخی قەیراناوی لەنێوخۆدا دەناڵێنێ و بە دوپات کردنەوەی دروشمگەلی درۆینە، دەگوڕێنێ. لە ڕاستیدا ئەوان دەترسن بەڵام وای نیشان ئەدەن کە دەترسێنن. هەڵبەت، کەمتر کەسێک هەیە کە ئەو چڕەوگوڕانە بە جیدی بزانێ. بەردەوام دەبێ ترس لە هەڵسوکەوتیاندا، لە ئەمنیەتی کردنی کەش و هەوای کۆمەڵگە، لە گرتن و زیندانی کردن و ئەزیەت و ئازاردانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان، لە زیاد بوونی ئێعدامەکان و توند کردنەوەی سەرکوت بۆ ترساندنی خەڵکدا ببیندرێت.

راستیەکەی ئەوەیە کە کوللی ڕژیمی ئیسلامی، دوای چەسپاندنی ئەو سازشانەی کە لە وڵاتی سویس لە ئارادایە، دەچێتە قۆناغێکی نوێ لە حەیاتی خۆیەوە. دەورەیەکی کە کرانەوەیەکی جیدی لە ژیانی خەڵکی تێدا دەستەبەر نابێت، بەڵام هەر لەم قۆناغەدا بە چوونە سەری چاوەڕوانی و تەوەقوعاتی خەڵک لە ئاستی کۆمەڵگەدا، شاهیدی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و خەباتی خەڵک دەبین. ئەگەر تا دوێنێ تەحریم و گوشارەکانی ئامریکا بۆ هێنانە خوارەوەی چاوەڕوانیەکانی خەڵک دەکرانە بیانو، لە ئەگەری لاچونیاندا، ڕژیم چ بیانویەکی تر دێنێتە ئاراوە؟ پەرەسەندنی مانگرتنە کرێکاریەکان و گەشەی ناڕەزایەتی گشتی خەڵک، لە تایبەتمەندیەکانی دەورەیەکە کە بەرەو رووی دەبینەوە. کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئاوا بارودۆخێکدا شگردێکی بێجگە لە بەکار هێنانی زۆر و سەرکوت نییە. بەڵام ئەم ڕژیمەش وەک هەموو دیکتاتۆڕ و ستەکارێکی تر توانایی حاڵی بوون و هەست کردن بەم ڕاستیەی نییە، کە ناتوانێ و مومکین نییە خەڵکێک بۆ هەتا هەتایە لە مافی ژیانێکی ئینسانی و بەهرەمەند لە ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی، بێبەش بکات. ئەگەر دوای تەوافوقی ئیحتیمالی لەگەڵ ئامریکا و رۆژئاوا، ڕژیم قەیرانی نێونەتەوەیی خۆی کەمێک هێور بکاتەوە، بەڵام ئاگری قەیرانی نێوخۆیی بەرەوڕوو بوونەوەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لەگەڵ رژیمی ئیسلامیدا بڵێسەدارتر دەبێت.