کۆماری ئیسلامی هۆکاری قووڵ بوونەوەی کارەساتی ژینگەیی

رۆژی پێنجی ژوئێن بەرابەر لەگەڵ ١٥ی مانگی جۆزەردان، رۆژی جیهانی ژینگە بوو. کۆماری ئیسلامی بەم بۆنەوە هەموو ساڵێک لە ١٦ تا ٢٢ی جۆزەردان، بۆ داپۆشینی بەرپرسیاریەتیەکانی لە وێران کردنی ژینگە فریوکارانە، وەک بابەتە هاوشێوەکانی تر، بەجێگای رۆژێک، حەفتەیەک بۆ ئەم بۆنەیە تەرخان دەکات. رۆژی یەکشەممە ١٧ی مانگی جۆزەردان، لە حاڵێکدا ژمارەیەک لە شێلگیرترین هەڵسوڕاوانی پارێزەری ژینگە لە زینداندان، مەڕاسمی دانی جایزەی بەناو “خزمەتگوزارانی ژینگە” بەڕێوەچوو. رۆحانی لەم مەڕاسمەدا سوخەنڕانی کرد. ئەو لە قسەکانیدا بە روونی ددانی بە کەم کاری دەوڵەت لە پاراستنی ژینگەدا نا، بەڵام بەخێرایی هۆکاری کەمتەرخەمیەکەی بە بوونی ته‌حریمه‌ ئابووریەکان ناوبرد و بەمجۆرە شانی لەژێر باری مەسئولیەتێک کە دەوڵەت لەبەرانبەر وێران بوونی ژینگەدا هەیەتی، دەرکێشا.بەڵام کاری وێران بوونی ژینگە لە ئاکامی سیاسەتەکانی ئەم رژیمەدا گەیشتۆتە ئاستێک کە بەمجۆرە پاساوانە داناپۆشرێت. بەشێوەیەک کە جاری وایە رۆژنامە و ڕاگەیەنەرەکان لەژێر تیخی سانسۆڕیشدا بە ناچاری ئاماژە بە گۆشەیەکی دەکەن: بۆ نمونە لەم رۆژانەدا و بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژینگەوە، ناوەندی خەبەری “تەعامول” رۆژی ١٧ی جۆزەردانی ٩٤ نووسی: “دوو لەسەر سێی خاکی ئێران بە خێرایی لەحاڵی بوون بە بیابان دایە.” رۆژنامەی خۆراسان لە زمان ئوستادیارێکەوە نووسی:” ئێران تەنیا بە دوو لەسەد لە سەهمی ئابووری جیهانی پێگەی دەیەمی لە وێران کردنی ژینگەیی لە دنیادا هەیە.”453

کاربەدەستانی دەوڵەتی بۆ داپۆشینی دەور و نەخشێک کە خۆیان لە وێران کردنی ژینگەدا هەیانە، وێڕای بوونی تەحریمە ئابووریەکان، کارەساتی ژینگەیی مەوجود لە ئێراندا دەبەستنەوە بە بارودۆخی جەوی و جوغڕافیایی ئێرانەوە کە گوایە بابەتێکی چاره‌هەڵنەگرە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئاواڵا هێشتنەوەی دەستی شیرکەتەکانی سەربە سپای پاسداران و ناوەندە مەزهەبیەکان، مودیران و کاربەدەستانی باڵای حکومەتی، کەسانی سەربە ناوەندەکانی دەسەڵات، بەرخوردی ئەمنیەتی بە ئاو و دارستانەکان، مانۆڕی نیزامی هێزە چەکدارەکان و دەیان شتی تر، کە بەگشتی دەورێکی ئەساسیان لە وێران کردنی ژینگەدا هەیە پێوەندی بە بارودۆخی جەوی و جوغڕافیایی ئێران و بوونی تەحریمە ئابووریەکانەوە هەیە؟ ئایا کراوە هێشتنەوەی دەستی کەرتی تایبەت لەوەدا کە بە ئامانجی قازانج پەرستانە، هەر بەڵایەک کە ویستیان بەسەر ژینگەیدا بێنن پێوەندی بە بارودۆخی جەوی و ته‌حریمه‌كانه‌وه‌ هەیە؟

کارناسەکان دەڵێن ئەگەر ڕەوتی وێران بوونی دارستانەکانی حەوزەی زاگرۆس و دارستانەکانی ئوستانی گوڵستان چ لە ئاکامی ئاگرگرتن و چ لە ئاکامی بڕینی دارەکان بە ئامانجی قازانج پەرستانە، بەم ڕەواڵەی ئێستا درێژەی هەبێت، تا ١٠ ساڵی داهاتوو شوێنەوارێک لە دارستانەکانی رۆژئاوای ئێران و لە ئۆستانی گوڵستان نامێنێ. لە ئێران ساڵانە ١٠٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکان وێران دەبن یان کەیفیەتی خۆیان لەدەست ئەدەن.

لەگەڵ ئەوەدا کە پێشگیری لە ئاگرگرتنی دارستانەکان و کوژاندنەوەی ئاگرەکان، بەجیدی ناگیرێت، لە هەمانحاڵدا بازاڕی سەوداگەری بوونی دارستان بە زەوی شیاوی کڕین و فرۆشتن برەوی پەیدا کردوە. بڕینی دارەکان بۆ ساخت و ساز، ویلا سازی و شارەک سازی و جادە سازی نیزامی و پادگان سازی لە چەند ساڵی ڕابردودا گەلێک زیادی کردوە. لەم ساڵانەی دواییدا کە تۆز و غوباری سەرچاوە گرتوو لە هاتنی ڕیزگەردەکان بۆ فەزای ئێران زیادی کردوە، نابود کردنی ئەم دارستانانە دەور و نەخشێکی بنەڕەتیان لە پیس تر بوونی فەزای شارەکانی رۆژئاوای ئێران بووە.

ڕاستەکەی ئەوەیە کە نیزامی سەرمایەداری هۆکاری سەرەکی وێران بوونی ژینگەیە. ئەنگیزەی سود و کەڵکە کردنی سەرمایە وەک ئامانجی سەرەکی فەعالیەتی ئابووری و کۆنترۆڵێک کە بەرژەوەندی ئابووری سەرمایەداران بەسەر حەیاتی سیاسیدا دەسەپێنێ، سەبەبکاری کارەساتی ژینگەییە لە هەموو دنیادا. بەڵام ئەگەر ئەو بەڵایانەی کە بەسەر ژینگەدا دێت، سەرچاوە گرتوو لە دەستدرێژیە زێدە خوازانەکانی خاوەنانی سەروەت و دەسەڵاتە بۆسەر سەرچاوە سروشتیەکان، لەم نێوانەدا کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی ١٠ دەوڵەت لە خراپترین وێرانکەرانی ژینگە دایە.

کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای تەبلیغاتی فریوکارانەی لەم بوارەدا و بەڕیوەبردنی حەفتەی ژینگە بە جێگای رۆژی ژینگە نە تەنیا نەخشیکی لە پاراستنی ژینگەدا نییە، بەڵکو بە سیاسەتە دژی ژینگەییە قازانج پەرستانەکانی، ئەم وڵاتە بەرەو کارەساتێکی ژینگەیی قەرەبو نەکراو دەبات. ئەو کاتەی کە خەڵکی خاوەن شارستانەیەت و ناڕازی لە وێران بوون و لەنیو چوونی دارستان و دەریاچە و تاڵاب و رووبارەکان، دەنگی ناڕەزایەتیان هەڵبڕی، ئەوان بە پەروەندەی ئەمنیەتیەوە ڕەوانەی زیندان دەکەن. لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی پێشڕەو لە ئێران بە هەست کردن بەم ڕاستیە کە ڕژیمی ئیسلامی نە تەنیا خۆی لە بەرگرتن لە ڕەوتی وێران بوونی ژینگەدا بەرپرسیاریەتێک قەبوڵ ناکات، بەڵکو خۆی ڕاسته‌وخۆ لە خێراتر وێران بوونیدا دەستی هەیە، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرزتر کردۆتەوە. هەر ئێستا دەیان چالاکی مەدەنی داکۆکیکاری ژینگەیی بە پەروەندەی ئەمنیەتیەوە خروانەتە زیندان.

کۆماری ئیسلامی، دیکتاتۆڕێکی مەزهەبی خزمەتگوزاری سەرمایەدارییە. لە لۆژیکی ئەم رژیمەدا هیچ شتێک بێجگە لە هەوڵدان بۆ مانەوە و دابین کردنی بارودۆخی پێویست بۆ سود کۆکردنەوەی سەرمایە جێگای نابێتەوە. ئەوان تەنیا بیر لە پاراستنی حاکمیەتەکایان دەکەنەوە جابەهەر نرخێک بێت. ناکرێ چاوەڕوانی ئەم رژیمە بیت کە لە بودجەی دەیان میلیارد دۆلاری سپا و ئەڕتەش و دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکانی و پرۆژەی پێگەخوازانە ئەتۆمیەکەی بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژینگەی خەڵک کەم بکاتەوە. هەرچی تەمەنی ئەم رژیمە درێژتر بێتەوە، بەرینایی و قوڵایی ئەم موسیبەتانە زیاتر دەبێت. رزگار بوونی ژینگەی ئێرانیش لە گرەوی رزگار بوون لە چنگ ئەم رژیمە دایە.