کۆماری ئیسلامی و دووڕوویی لە قەیرانی جیهانیی پەنابەریدا

وێنە و هەواڵی ئەو پەنابەرانەی بەرەو وڵاتانی ئوروپایی بەڕێوەن، هەروا سەردێڕی بابەتی راگەیەنەرەکانە. وێنەی ته‌رمی ئایلانی کەم تەمەن ئەو منداڵەی خەڵکی کۆبانی، کە وێنەکانی لە پاڵ تۆپی فوتباڵەکەیدا نیشان ئەدات کە ئەو منداڵێکی پڕ جوڵە و عاشقی تۆپێن کردن بووە، ئەمە کاریگەریەکەی گەلێک بەرین و قوڵتر کردۆتەوە. وێنەی بە زیندوی و بە مردویی ئەم منداڵە، شەرمەژاریەکی گەورەی بە ڕواڵەتی ڕێبەرانی سیاسیەوە لە وڵاتانی لەباری پیشەسازیەوە پێشکەوتوی دنیای وێنا کردوە. ئەوانەی کە خۆیان سەبەبکاری بەدیهاتنی بارودۆخێکن کە زیاتر لە ٩ ملیۆن ئینسان لەنێوخۆ و دەرەوەی سوریە ئاوارە بن، ئەمرۆ فریوکارانە فرمێسکی درۆینە بۆ ئالان و بنەمـاڵەکەی دەڕێژن. لەم نێوانەدا سەرانی کۆماری ئیسلامی کە خۆیان تاوانباری ڕیزی یەکەمی ئەو جەنایەتانەن کە ئەمرۆ لە وڵاتی سوریەدا روو ئەدات و لە هەمانحاڵدا دژی ئینسانی ترین سیاسەتەکان سەبارەت بە کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە ئێران پەیڕەو دەکات، هەوڵئەدات بە کەڵک وەرگرتن لە فەزایەکی عاتفی کە لەم بوارەدا لای ڕای گشتی دنیا بەدیهاتوە، تاوانەکانی خۆی داپۆشێ.529 (1)محەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کابینەی رۆحانی لە چاوپێکەوتنی رۆژی ١٥ی خه‌رمانانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چێک لە تاران سەبارەت بە قەیرانی پەنابەری وتی: “کاتی ئەوە هاتوە هەموو دنیا لەگەڵ ئەم گرفتەدا بەرخورد بکەن و خۆیان لەو سیاسەتانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی توندوتیژی و ئاوارە بوون. ئێران وەک یاریکەرێکی نوێ داواکاری سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدایە و داوا لە وڵاتانی جیرانیشی دەکات بۆ خەبات لەدژی ئیفڕات و توندوتیژی ئەم ئاڕاستەیە بگرنە بەر.”زۆربەی ئاوارە و پەنابەرەکان خەڵکی وڵاتی سوریەن و کێیە کە نەزانێ، پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە ڕژیمی بەشار ئەسەد یەکێک لە هۆکارەکانی وێران بوونی ئەم وڵاتە و ئاوارە بوونی خەڵکەکەیەتی؟ چوار ساڵ لەوەپێش لە حاڵێکدا کە شەپۆلی خەباتی خەڵکی سوریە بەدەر لە وابەستەیی فیرقەیی، میللی و مەزهەبی، بە ڕژانە سەر شەقامەکان، خوازیاری ئازادی و لاچونی بەشار ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات بوون، کۆماری ئیسلامی لە زومڕەی ئەو دەوڵەتانە بوو کە بە دیفاع کردن لە بەشار ئەسەد، ڕاستەوخۆ لە نیزامی کردنی فەزای سیاسی ئەم وڵاتەدا دەوری هەبووە و دەوڵەتی سوریەی یارمەتی و هانداوە بۆ توندوتیژی نواندن بەدژی خەڵکێک کە بە دەستی بەتاڵ هاتبوونە سەر شەقامەکان و داواکاری مافە سەرەتاییەکانیان بوون.بەڵام دووڕوویی سەرانی کۆماری ئیسلامی لێرەدا کۆتایی نایەت.زەریف لەو دیدارەدا هەروەها وتویەتی کە:” کۆماری ئیسلامی لە ٣٠ ساڵی ڕابردودا میوانداری زیاتر لە چەند ملیۆن ئاوارە بووە کە لە وڵاتانی جیرانەوە هاتبونە ئێران.” ئەمە فاکتێکی مێژووییە کە چەندین ملیۆن ئاوارەی ئەفغانستانی لە ماوەی ٣ دەیەی ڕابردودا بە ناچار و بۆ پاراستنی گیانیان، وڵاتەکەی خۆیان جێهێشتوە و بۆ پاکستان و ئێران هەڵاتوون. هەڵبەت ئەمەش فاکتێکی تاریخیە کە هەڵسوکەوتی خاوەنانی سەرمایە و حکومەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەم پەنابەرانەدا گەلێک وەحشیانە بووە. بێجگە لە خەڵکێکی بێبەش کە کۆماری ئیسلامی ئەوانی لە شەڕی ئێران و عێڕاقدا بەشداری داوە و بۆتە هۆی کوشتار و یان کەم ئەندام بوونی ژمارەیەکی زۆریان، مابەقی زۆربەی هەرە زۆریان بوونە کرێکار. ئەم کرێکارانە لە دژوارترین بارودۆخدا، بە کەمترین حەقدەست و بێبەش لەو مافە کەمەی کە کرێکارانی ئێران توانیبویان بەسەر دەوڵەت و سەرمایەدارانیدا بسەپێنن، کاریان کردوە و چەوسێندراونەتەوە.زۆربەی ئەم کرێکارانە گەلێک جار لە لایەن هێزە ئینتیزامیەکانەوە گیراون و دیپۆرت کراوەنەتەوە بۆسەر سنور، بەڵام بەهۆی بارودۆخێکی وەحشەتناکی جەنگی و ژیانی لە ئەفغانستان، جارێکی تر لە ڕێگایەکی ترەوە، بۆ کار و بەدەستهێنانی پاروە نانێکی مەمرە و مەژی و ڕزگار کردنی بنەماڵەکەیان لە هەژاری و برسیەتی گەڕاونەتەوە بۆ ئێران. لە نێویاندا کرێکارانێک هەن کە زیاتر لە دوو تا سێ دەیەیە لە ئێراندا دەژین، لێرە زەماوەندیان کردوە و خاوەنی منداڵن، بەڵام منداڵەکانیان بە بیانوی نەبوونی ناسنامە و بەڵگەی شناسایی، لە خوێندن بێبەشن و بە بیانوی نەبوونی ئەوڕاقی هۆویەت و ئیجازەی کار، توشی هەموو جۆرە باجگیریەک هاتوون و سەرمایەدارانیش هێزی کاری هەرزانی ئەوانیان بە توندترین شێوە چەوساندۆتەوە. هاوکات لەگەڵ چەساندنەوەیان و کێشانی شیلەی گیانیان، ڕاگەیەنەرەکان، موبەلغینی ڕژیم و کاربەدەستان و سەرمایەداران وەها کەشێکیان لەدژیان دروست کردوە کە لەگەڵ دەستکەوتنی چکۆلەترین بیانویەک دەڕژێنە سەریان و سوکایەتیان پێ دەکەن و ئازاریان ئەدەن.
بۆ نمونە ئەفغانستانەیەکانی دانیشتوی شاری یەزد رۆژی پێنجشەممە ٥ ی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩١ کەوتنە بەر هێرشی ڕەگەزپەرستانە و بەرنامەبۆداڕێژراوی هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. لەم هێرشە وەحشیانەیەدا ماڵی گەلێک لە شارۆمەندان ئاگر تێبەردرا و ژمارەیەکی زۆریش لە ژنان، منداڵان، پیر و لاوە ئەفغانستانیەکان لە کۆڵان و شەقامەکان هێرشیان کرایەسەر و لە لایەن گۆپاڵ بەدەستانی ڕژیمەوە ئەزیەت و ئازار دران. لە ئاکامی ئەم کردارە جەنایەتکارانەدا، ژمارەیەک لە پەنابەرانی ئەفغانی لەوانە ژنان و منداڵان بریندار بوون و ماڵی گەلێکیان لە ئاگردا سوتا. زۆربەشیان بۆ ڕزگار کردنی گیانیان بەرەو بیابانەکان هەڵاتن. لە جەنایەتێکی تردا رۆژی سێشەممە ٦ ی مانگی پوشپەڕی ٩١، لە ئاوایی چوار ستونی سەربە شاری سەڵماس، گروپێک لەو ئەفغانستانیانه‌ی بەنیازی چون بۆ تورکیە بوون، لە لایەن هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە درانه‌به‌ر گوللە کە لە ئاکامدا ١٨ کەسیان لەجێدا کوژران و ٥ کەسیشیان بە توندی بریندار بوون.لە ساڵەکانی ڕابردودا ئاستی سیاسەتی دژی ئەفغانستانی توندتر و زیاتر بووە. لەسەر بنەمای ئەم سیاسەتە دژی ئینسانییە، ئیقامەت و مانەوەی شارۆمەندانی ئەفغانستانی لە ٤٠ شار قەدەغە کراوە. لەوانە لە ئۆستانی فارس، کاربەدەستانی ناوچەیی داوایان لە شۆفیری ماشێنەکان کردوە کە لە گواستنەوەی ئەو ئەفغانستانیانەی ئیقامەیان نییە، خۆببوێرن. نانەواخانەکانیش مافی فرۆشتنی نانیان نییە بەو ئەفغانستانیانەی ئیجازەی مانەوەیان نییە. تەنانەت ئیجازە بە شارۆمەندانی ئەو ئوستانە دراوە کە بەر بە ئەفغانستانییه‌كان بگرن و داوای بەرگەی مانەوەیان لێبکەن.شەپۆلێکی پەنابەری کە بەرەو وڵاتانی ئوروپایی بەڕێوەیە بە زۆری لە وڵاتانی سوریە، ئەفغانستان، لیبی، عێڕاق، سودان و سومالیەوە کەوتونەتەرێ. ئەمانە ئەو وڵاتانەن کە دەوڵەتە ئیمپڕیالیستیەکان و یان دەوڵەتە کۆنەپەره‌ستە ناوچەییەکانی وەک کۆماری ئیسلامی لە کوشتاری خەڵکەکەیان و وێران کردنی وڵاتەکەیاندا دەستیان هەبووە. وتەی ڕیاکارانەی محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە لە هاوخەمی نیشاندان لەگەل پەنابەراندا، تەنیا ئاستی نەفرەت و بێزاری لەدژی حکومەتی ئیسلامی سەرمایە زیاتر دەکات و بەس.