کۆنفرانسی جیهانیی گۆڕانی ئیقلیمی پاریس، هەوڵێکی بێ ئاکام

کۆنفرانسی جیهانیی ئاو و هەوایی پاریس کە ٣٠ ی مانگی نوامبر، بەرابەر بە ٩ ی سەرماوەز، دەستی پێکردبوو، رۆژی شەممە ١٢ دسامبری ٢٠١٥، بەرابەر لەگەڵ ٢١ سەرماوەزی ٩٤، کۆتایی هات. لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە حاڵێکدا کە فرمێسکی شادی لە چاویدا دەدرەوشایەوە و لەنێو چەپڵە ڕێزانی بەردەوامی نوێنەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری رۆژئاوادا ڕایگەیاند کە سەران و نوێنەرانی ١٩٦ دەوڵەت بەکۆی دەنگ تەوافوقنامەیەکیان ئیمزا کرد کە مێژوییە. لەسەر بنەمای ئەم تەوافوقنامەیە سەرجەم دەوڵەتانی بەشدار لە رووی ئەخلاقیەوە تەعەهودیان دا بە هەوڵدان لە ڕاستای جێگۆڕکێی سوتەمەنی غەیرە فوسیلی لەگەڵ نەوت و گاز و بەردی خەڵوز، گازە گۆڵخانەییەکان بە رێژەیەک کەم بکەنەوە کە گەرم بوونی زەوی زیاتر لە ٢ پلە و تەنانەت یەک پلە و نیو دەرەجەی سانتیگراد بەرزتر نەبێتەوە.سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری پێشکەوتو بەبێ دانی هیچ تەعەهودێکی دیاریکراو تەوافوقنامەی پاریسیان وەک دەستکەوتێک بۆ شارۆمەندان و نەوەکانی داهاتو زانی و ڕاگەیەنەرە زەبەلاحەکانیان لە ئاستێکی بەریندا بڵاویان کردەوە. ئەوان هەوڵیاندا تا کۆنفرانسی پاریس بەشێوەی کۆبونەیەکی وەحدەتی نێوان وڵاتان و سەرمایەدارانێک لە رۆژئاوا و رۆژهەڵات پێشان بدەن کە دەرگیری ڕقابەتی ئابووری و شەڕی خوێناوین.605
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لەو دوازدە رۆژردا کە سەران و نوێنەران لە پاریس کۆببونەوە زیاتر سەرقاڵی چارەسەر کردنی موشکلاتی تێکتەندراوی ئابووری، سیاسی و جەنگی بوون و کۆنفراسی ئاو و هەوایی سەرپۆشێک بوو بۆی. بە قەولی یەکێک لە کارناسان بە جێگای سەنەدێکی حوقوقی لازموالایجرا تەوافوقنامەیەکی پڕ لە قسەی پڕوپوچ و بێ پشتیوانی ئیجراییان لە سەنەدێکی ٣١ لاپەڕەییدا تەحویلی دنیادا. لەم سەنەدەدا هیچ دەوڵەتێک و یان هیچکام لە موجتەمەعە پیشەسازیەکانی نەوت و گاز، کە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی گەرم بوونی زەوین، ناچار بە هیچ ئێقدامێکی دیاریکراو نەبوون. لە سەنەدەکەدا ئێقداماتی داوتەڵەبانە بۆ دەوڵەتەکان دیاری کرا و ڕاپۆرتی ئەم کردارانەش لە لایەن هەمان ئەو دەوڵەتانەوە دەدرێتەوە بە سازمانی ملەل. نوێنەری سەرەکی ژینگەی ئامریکا لە کۆنفراسەکەدا دیفاعی لە داوتەڵەبانە بوونی کردارەکان کرد و وتی کە پێویستی پارێزگاری کردن لە زەوی دەوڵەتەکان ناچار دەکات تا کۆمەڵێک کرداری دیاریکراو بخەنە دەستوری کاریانەوە. ئەو روونی نەکردەوە کە ئەگەر قەرار بوو کردارەکان داوتەڵەبانە بن کەوایە ئەم هەموو جەلەسە و هەراو هوریا تەبلیغاتیە بۆچی بوو؟
هەڵبەت ئیدیعا کراوە کە لە سەنەدەکەدا کرداری دیاریکراویش پێش بینی کراوە. بە وتەی فابیوس قەرارە تا ساڵی ٢٠٢٠ هەموو ساڵێک یەک سەد ملیارد دۆلار بۆ خەبات لەگەڵ گرمایشی زەوی کۆبکرێتەوە و بدرێتە وڵاتەکان. گۆیا بە وڵاتانی ئافریقایی و ٢٠ نوێنەری ئەو جەزیرانەی کە لەبەر مەترسی کەوتنەژێر ئاوی ئوقیانوسەکان و بەرز بوونەوەی ئاوی دەریاکاندان تەعەهود و بەڵێنی دراوە کە لەو پارەیەی کۆدەکرێتەوە بەشیان بدرێت. ئەگەرچی وەزیری دەرەوەی فەرانسە کۆکردنەوەی پارەی لەباری حوقوقیەوە بە لازم الایجرا زانی، بەڵام نەیوت کامانەن ئەو دەوڵەتانەی قەرارە ئەم پوڵە دابین بکەن.ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەقەولی ” ئیبتکار”، سەرۆکی سازمانی پاراستنی ژینگە، هەشتەمین بەرهەمهێنەری گازە گوڵخانەییەکان لە دنیادایە نەیتوانی لە نمایشەکانی کۆنفرانسدا خۆی بنوێنێ. ڕژیم، کە دەورێکی گەلێک خراپی لە وێرانکردنی ژینگەی ئێراندا هەیە، نەیتوانی تەنانەت بۆ پاراستنی زاهیریش بووە قسە و باسێکی بۆ ئیرایەدان لەبەردەم دوربینی تەلەویزیۆنەکاندا هەبێت. هەر لەبەر ئەمە ڕاگەیەنەرەکان، کۆماری ئیسلامیان وەک وڵاتێکی مونفەعیل لە کۆنفرانسەکەدا وێنا کرد. ئێستا دەبێ پرسیار بکرێت لە پشت ئەم هەراو هوریا تەبلیغاتیەوە دەستکەتەکانی کۆنفرانس کامانە بوون؟ بەقەولی یەکێک لە گۆڤارە چەپەکان دەکرێ دەستکەوتی کۆنفرانسی پاریس بەم شێوەیە وەسف بکرێت:” عەمەلیاتی پزیشکی سەرکەوتو بوو، بەڵام نەخۆشەکە مرد.” هەڵبەت ئەم کۆنفرانسە دەرفەتی دا بە دەوڵەتی فەرانسە تا ئیعتیباری لەتمە لێدراوی لە دابین کردنی ئەمنیەتی شارۆمەندانیدا لە سایەی هەیبەتی ڕواڵەتی کۆنفرانسەکەدا تا رادەیەک سارێژ بکاتەوە.
ئۆباما، سەرۆک کۆماری ئامریکا، و نوێنەرانی لەگەڵ ئەوەی کە تەوافوقنامەکەی پاریسیان بە دەستکەوتی سەرجەم وڵاتان و بە نیشانەی یەک بوونیان ناوبرد، بەڵام وڵاتانی چین و هێندیان بە هۆکاری سەرەکی گەرم کردنی گۆی زەوی نیشاندا. بان کی مۆن وتی کە ” بازارەکان” ئێستا دەتوانن هێزی داهێنەرانەی ئینسانەکان شکوفا بکەن. بەڵام هەر ئەم بازارانە، کە بەردەوام بەشوێن دەستەبەر کردنی قازانجەوەن جا لەهەر لێگایەکەوە بێت کۆسپێکی گەورەن لەسەر ڕێگای شکۆفانەوەی خەللاقیەتی بەملیۆن ئینساندا. تا کاتێک کە کۆمەڵیک ملیاردێر و دەوڵەتەکانیان بەسەر موقەدەراتی ئینسانەکاندا حاکمن و بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان بەسەر چێنی کرێکار و چەوساندنەوەیدا و سوئیستیفادە کردن لە سەرچاوە سروشتیەکان دەست بۆ هەموو پیلان، شەڕ و جەنایەتێک دەبەن ئیستعدادەکان و خەللاقیەتی ئینسانەکان گەشە ناکات. کۆنفرانسی جیهانی گۆڕانی ئاو و هەوایی پاریس و شانۆگەریە گاڵتەجارانەکانی سیاسەتمەداران لە سەرکەوتو پیشاندانی، تەئیدی سەرلەنوێی ئەم ڕاستیە بوو کە سەرمایەداری نیزامێکی پڕتوکاوە و بەرەو لەنێو چوونە. ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی تا سەران و نوێنەران لەم کۆنفرانسەدا وەک یاریکەرانی شانۆیەکی کومێدی دەربێن کە لە ڕاستیدا خۆی تیڕاژیدیە.
مانەوەی ئینسان تەنیا بەو مادە سڵامەتانە زەمانەت دەکرێت کە لە ڕێگای کارەوە لەسەر زەوی، بەدەست دێت. بەڵام ئەم ژینگەیەی ئێستا کەوتوەتە مەترسیەوە. بە ئیعتیڕافی خودی موڵتی ملیۆنێڕەکان و دەوڵەتانی پشتیوانیان ئەم مەترسیە بە شێوەیەک گەورە بۆتەوە کە خۆشیان هەست بە ئارامی ناکەن. بەڵام ئەوان کۆیلەی سیستمێکی پڕ لە ناکۆکین کە لەسەر دەستەبەر کردنی سودی هەرچی زیاتر، ڕقابەتی بێ ئەمان و شەڕ و وێرانی و تێکدانی ژینگە بینا کراوە.
موسیبەتەکانی سەرچاوە گرتوو لە وێران بوونی ژینگە بەر لە هەموو چین و توێژێک، داوێنی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش دەگرێت. لەبەر ئەمە ئەوان دەبێ لەڕیزی پێشەوەی خەباتدا بن بۆ پاراستنی ژینگە. نابێ بێڵن نیزامی سەرمایەداری بەبێ لەبەرچاو گرتنی نیاز و پێداویستی ئینسانەکان و لەخزمەت بە حیرس و تەماع و قازانج پەرستی خاوەنانی سەروەتدا زەوی و ژینگەی سروشتی ناشیرین و وێران بکەن و کۆمەڵگای بەشەری بخەنە بەردەم کارەساتێکی سەرچاوە گرتو لێیەوە. خەباتی شێلگیرانە لەم بوارەدا سەرئەنجام دەبێ بە روخاندنی سەرمایەداری و دامەزراندنی سوسیالیزم، واتە نیزامێک کۆتایی بێت کە ئامانجی بەرهەمهێنان بۆ وڵامدانەوە بە نیازەکانی ئینسان و وەحدەتە لەگەڵ زەوی و ژینگەی دەوروبەری.