کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە داوی قەیرانی سوریەدا

هەواڵنێری “بی بی سی” لە رێکەوتی ١٩ی سیپتامبر بەرابەر لەگەڵ ٢٨ی خه‌رمانان، راپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە لەسەر بەڕێکرانی کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بۆ سوریە سەرلەنوێ جەخت دەکاتەوە. لەسەر بنەمای ئەم راپۆرته‌ نزیکەی ٣ مانگ لەوەپێش هێزەکانی نەیاری حکومەتی سوریە ویدئویه‌كیان لە تۆڕه کۆمەڵایەتیەکان بڵاو کردەوە کە تێیدا ژمارەیەک لاو به‌دیل گیراون و دەڵێن خەڵکی وڵاتی ئەفغانستانن و کۆماری ئیسلامی پارەی پێداون بۆ ئەوەی بە هێزەکانی دەوڵەتی سوریەوە پەیوەست بن. لە درێژەی راپۆرته‌كه‌دا هاتووە کە لەو کاتەدا کەس راستی ویدیۆکەی پشت راست نەکردەوە، بەڵام ئێستا ژمارەیەک لە پەنابەرانی ئەفغانستانی کە لەگەڵ سوریە ئاوارەکاندا گەیشتونەتە ئوروپا، دەڵێن: کۆماری ئیسلامی ئەفغانستانییه‌ بێ مافی مانەوەکان لە ئێران بەڕێی سوریە دەکات تا لەپاڵ هێزەکانی وەفاداری بە شار ئەسەد دا شەڕ بکەن.ئەم پەنابەرانە رژیم بەڵێنی دانی کارتی مانەوە لە ئێران و دانی مانگانە ٥٠٠ دۆلاری پێداون و ئەوان لە رووی ناچارییەوە مەترسی ئامادە بوون لە مەیدانەکانی شەڕیان قەبوڵ کردووە. بەپێی ئەم راپۆرتە “لاوێکی ٢٤ ساڵە کە نه‌یویست بناسرێت وتی کاتێک باوکی مرد ٤ ساڵی تەمەن بووە و دایکی بە تەنیایی دەرەقەتی دابین کردنی خەرجی ٤ منداڵەکەی نەهاتوە، بۆیە ئەم منداڵە کەم تەمەنە ناچار بە کار کردن بووە. ئەو لە درێژەدا دەڵێ: “ساڵی رابردوو یەکێک لە دۆستەکانم پێی وتم ئەگەر بچم بۆ سوریە، دەتوانم کارتی شناسایی و ئیقامەتی دایمی ئێران و مانگانە ٥٠٠ دۆلار پارە بە دەست بێنم.”
537
گۆڤاری ئیشپیگلی ئاڵمانیش، ساڵی رابردوو باسی لە ناردنی کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بۆ سوریە کردبوو. بە پێی نوسراوەکەی ئیشپیگل کۆچبەرانی نێردراو بۆ سوریە لە شیعەکانی هەزارە بوون کە بۆ هێڵی پێشەوەی شەڕ نێردراون و تا ئێستا ٧٠٠ کەسیان لە مەیدانی شەڕدا گیانیان لەدەست داوە. لە مانگی مەی ساڵی رابردوودا رۆژنامەی وال ئستریت ژۆرنالیش لە راپۆرتێکیدا نووسی: رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەزاران کۆچبەری ئەفغانستانی لە بەرانبەر دانی مانگانە ٥٠٠ دۆلاردا و دانی مافی مانەوە لە ئێران ناردۆتە بەرەکانی شەڕی سوریە.”
ئەوانەی ئاگاداری کاروباری کۆچبەرانی ئەفغانستانین لە ئێران بە بڵاو کردنەوەی کۆمەڵێک راپۆرتی ئامادە کراو لە خودی کۆچبەرانی ئەفغانستانی دانیشتوی ئێران ئەم هەواڵانەیان پشت راست کردۆتەوە. ئەوان نووسیان کۆماری ئیسلامی بەر لە ناردنی ئەم کۆچبەرانە بۆ سوریە بۆ ماوەی ٤٥ رۆژ ئەوان لەباری نیزامیەوە ئاموزش دەدەن. دوای دانی حقوقێکی مانگانەی نزیکەی یەک ملیۆن و نیو تمەنی پێیان، ئەوان رەوانەی بەرەکانی شەڕی سوریە دەکات. ئەگەر بێتو لە شەڕدا بکوژرێن، یەکەم جار بڕی ٧٥ ملیۆن تمەن و بۆ هەتا هەتایەش مانگانە بڕی ٧٠٠ هەزار تمەن دەدات بە بنەماڵەکانیان و ئەگەر بە زیندویش لە شەڕ بگەڕێنەوە، ئەوان لە مافی ئیقامەتی قانونی لە ئێران تەنیا بۆ ماوەی ٣ مانگ و مافی گەڕانی ئازاد لە هەموو شوێنێکی ئێران بە هه‌زینه‌ی خۆیان بەهرەمەند دەبن. ئەم سەرچاوە ئاگادارانە لە زمان شاهیدانی عەینیەوە نووسیویانە کە هێندێک جار تا ٥٠ جەنازەی کۆچبەرانی ئەفغانستانی تەنیا لە شاری مەشهەدەوە بەڕێکراون.
ئەو موسیبەتانەی کە بۆرژوازی ئێران و رژیمە ئیسلامیەکەی لە ماوەی زیاتر لە ٣ دەیەی رابردودا بەسەر ژنان و پیاوانی ئەفغانستانیدا سەپاندوە هەموو ئینسانێک لە ناخەوە دەهەژێنی. ئەوەی سەرمایەداران و حکومەتی ئیسلامی بە توند کردنەوەی چەوساندنەوەی هێزی کار و گرتن و دیپۆرت کردنەوە و جەریمە کردنیان و بە کوشتن دانیان لە مەیدانەکانی شەڕی ئێران و عێراق و سوریەدا بەسەر ئەم ئینسانە شەریفانەی هێناوە، لە کەس شاراوە نییە. بەڵام بڵاو بوونەوەی ئەمجۆرە هەواڵانە لە بارودۆخی ئێستادا کە گۆشەیەک لە جەنایەتەکانی رژیم لەدژی کۆچبەرانی ئەفغانستانی ئاشکرا دەکات، هیمەتێکی سیاسی تێدایە. دەزگا هەواڵنێریەکانی رۆژئاوا کە جوڵە نیزامیەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بە وردی چاودێری دەکەن، بۆچی تا ئێستا لەم بوارەدا بێدەنگ بوون؟ ئەمجۆرە راپۆرتانە بە تایبەت راپۆرتی بی بی سی لەم بوارەدا لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی رۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکادایە بۆ گوشاری کۆنترۆڵ کراوی زیاتر بۆسه‌ر رژیمی کۆماری ئیسلامی.
دەوڵەتی ئامریکا دوای بە چۆکدا هێنانی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی هەسته‌ییدا و داسەپاندنی “بەرنامەی جامعی ئێقدامی موشتەرەک” واتە بەرجام، گوشار بۆسەر ئەم رژیمەی لەسەر ناوەرۆکی قەیرانی یەمەن و سوریە چڕ کردۆتەوە. دەوڵەتی ئامریکا لە هەمانحاڵدا کە رژیمی کۆماری ئیسلامی وەک هێزێکی ناوچەیی بە رەسمیەت دەناسێ هەوڵ دەدات تا بە گوشار خستنەسەری زیاتر، دەست تێوەردانەکانی ئەم رژیمە لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەکەدا وەک عێراق، سوریە و یەمەن کۆنترۆڵ بکات. ئامریکا دەیەوێ رژیمی کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە سەرکێشیەکانی لە ناوچەکەدا بێنێ و سیاسەتەکانی هەرچی زیاتر لەگەڵ ستراتیژی ئامریکا لە ناوچەکەدا هاوئاهەنگ بکات.کرێکارانی ئەفغانستانی و باقی کرێکارانی کۆچبەر، بەشێکن لە چینی کرێکاری ئێران و دەبێ لە هەموو مافێکی کرێکاری و شارۆمەنی بەهرەمەند بن. دەستەبەر بوونی ئەم مافانەش، تەنیا دەتوانێ بەرهەمی خەباتی هابەشی چینایەتی بە دیمەنگای روخاندنی شۆڕشگێرانەی کۆماری ئیسلامیەوە بێت.