گه‌مارۆ درانی سه‌دان هه‌زار كه‌س به‌ هۆی شه‌ڕ له‌ سوورییه‌

30

لێكۆڵەرانی سەر بە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان رایدەگەیەنن ماوه‌ی چەند ساڵێكە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار هاووڵاتی سوورییه‌، بەهۆی جەنگەوە گەمارۆدراون و داواش لەلایەنەكان شەڕی سوورییه‌ دەكەن، كۆتایی بەو گەمارۆیانە بهێنن.
لیژنەی لێكۆڵینەوە لە مافەكانی مرۆڤ لە سوورییه‌ و سەر بە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نوێترین راپۆرتیدا داوای دووبارە زیندوكردنەوەی ئاگربەستەكەی مانگی فێڤرییه‌ی ئەمساڵ ‌و كۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر ٦٠٠ هەزار کەس دەكات. ئەو لیژنەیە ئاماژەی بەوەش كردوە لە دوای مانگی مارسی ئەمساڵەوە، ئاستی توندتوتیژییەكان لە سوورییه‌ زیادیان كردووە و گروپە چەكداره‌كان چەندین ناوچەی دیكەیان كۆنتڕۆڵ كردووه‌ته‌وه‌، هەربۆیە داوادەكات پێویستە لەسەر سەرجەم لایەنەكان شەڕی سوورییه‌، كار بكەن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر هاوڵاتییانی مەدەنی.  لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا، لیژنەی نەتەوەیەكگرتوەكان، نیگەرانی نیشانداوە سه‌باره‌ت به‌ چارەنووسی ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی دیكە كە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی حەڵەب دەژین كە لەلایەن گروپە چەكدارییە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە كۆنتڕۆڵ كراوە و حكومەتی سوورییه‌ش گه‌مارۆی داوه‌.