گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ندكراوێكی سیاسیی بۆ زیندان

424w
به‌پێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، “شاکر باقی” بەندکراوی سیاسیی ڕۆژی چوارشەممه‌ ۱۷ی مانگی خەرمانان، بۆ ئه‌نجامی عه‌مه‌لی جه‌ڕراحی “فێتق” لە زیندانی ناوەندیی “کاشمەر”ه‌وە گواستراوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان كه‌ پاش کۆتایی هاتنی نەشتەرگەرییه‌كه‌ی ڕۆژی پێنجشەممه‌ گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.
شاکرباقی هاووڵاتیی دانیشتووی شاری “وان” له‌ كوردستانی توركییه‌، لە ڕێكه‌وتی۲۰ی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ لەڕێگەی “سنە ــ مەریوان” لەلایەن هێزەکانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەرکرا. هێزە ئیتلاعاتییەکان لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا ناوبراویان دایه‌ به‌ر لێدان و سووكایه‌تیی پێكردن كه‌ له‌ ئه‌نجامدا بێهۆش بوو، پاشان گواستیانەوە بۆ گرتووخانەی ستادی خه‌به‌ریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌، ناوبراو دوای چه‌ند مانگ لێپرسینه‌وه‌ له‌ گرتووخانه‌ی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و سپای پاسداران له‌ شاره‌كانی سنه‌ و كرماشان، له‌ لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای ڕژیم له‌ شاری سنه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی “ئه‌ندامێتی له‌ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ نه‌یاره‌كانی ڕژیم”، به‌ سزای ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخرانه‌وه‌ بۆ زیندانی كاشمه‌ر مه‌حكووم كرا. شایانی باسه‌ هه‌ر ئێستا ماوه‌ی ٩ ساڵه‌ له‌ زینداندا ڕاگیراوه‌.