گواستنه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسێكی بازداشتی بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ

640t

رۆژنامه‌نووسێكی خه‌ڵكی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت به‌ناوی “كاروان محه‌ممه‌دپوور” ته‌مه‌ن ٢٨ ساڵ كه‌ ماوه‌ی یه‌كمانگ له‌وه‌پێش له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كانی شاری مهاباد”وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو، ره‌وانه‌ی ئیداره‌ی گشتی ئیتلاعاتی شاری ورمێ كرا.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، ناوبراو كه‌ سه‌رنووسه‌ری دوو هه‌فته‌نامه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستانه، رێكه‌وتی‌ ٦ی مانگی ره‌شه‌ممه‌ی ساڵی ٩٣، له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری “مهاباد”ه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و كه‌لوپه‌له‌ شه‌خسیه‌كانیشی زه‌وت كرا و له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا، راپێچی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ كراوه‌. شایانی باسه‌، ئەم خوێندكاره‌ی رشتەی كۆمەڵناسی له‌ دانیشگای پەیام نووری مەهاباد، هاوكاری رۆژنامەی ” شەرق” و ” ئێبتكار” و سەرنووسەری بەشی ئەدەبی گۆڤاری ٧ی تیر لە سەردەشت بووە. جێگای ئاماژیه‌، هەتا ئێستا هیچ زانیاریەك لە هۆكاری دەستبەسەركردنی ئەو رۆژنامەنووسە بڵاو نەكراوەتەوە.