گواستنه‌وه‌ی مه‌نسوور ئاره‌وه‌ند بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعات

378y
به‌ پێی راپۆرتی كانونی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤی كوردستان، چه‌ند رۆژی له‌مه‌وبه‌ر “مه‌نسوور ئاروه‌ند” زیندانی سیاسی له‌ زیندانی میاندواوه‌وه‌ بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترایه‌وه‌.به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، مه‌نسوور ئاروه‌ند كه‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٧ی مانگی گوڵانی ئه‌مساڵ له‌ لایه‌ن مه‌ئموورانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاته‌وه‌ له‌ زیندانی ناوه‌ندی مهاباد بۆ زیندانی میاندواو گواسترابۆ‌وه‌، سه‌رله‌نوێ رۆژی شه‌ممه‌ ٩ی مانگی جۆزه‌ردان له‌م زیندانه‌وه‌ راپێی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ كرا. تا ئێستا له‌ هۆكاری گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زیندانییه‌ سیاسییه‌ كه‌ مه‌حكووم به‌ زیندانی هه‌تاهه‌تاییه‌، زانیارییه‌ك له‌ به‌رده‌ستدا نییه‌. مه‌نسوور ئاروه‌ند مانگی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٩٠، له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ شاری مهاباد ده‌ستبه‌سه‌ر و تا ئێستا له‌ زیندان به‌سه‌ر ده‌بات. شایانی باسه ناوبراو ساڵی ١٣٩١ به‌ تۆمه‌تگه‌لێكی وه‌ك “محاربه‌ و ته‌بلیغ له‌دژی نیزام له‌ رێگای هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ حێزبه‌ نه‌یاره‌كانی رژیمی كۆماری ئیسلامی” حوكمی ئێعدامی بۆده‌ركرا، به‌ڵام دواتر حوكمه‌كه‌ی بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی كه‌م كرایه‌وه‌‌.