گواستنه‌وه‌ی هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری حه‌سه‌ن ره‌سول نژاد بۆ زیندان

595
به‌ پێی راپۆرتی كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان، هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری “حه‌سه‌ن ره‌سول نژاد” بۆ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی حوكم، راپێچی زیندانی بۆكان كرا.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١٩ی مانگی ره‌زبه‌ر “حه‌سه‌ن ره‌سول نژاد” هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری و یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان، بۆ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی حوكمی شه‌ش مانگ زیندانی ته‌عزیری ره‌وانه‌ی زیندان كرا. جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ رێكه‌وتی ٢٩ی مانگی رێبه‌ندانی ساڵی ٩٢ له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری بۆكان ده‌ستبه‌سه‌ر و دوای ٨ رۆژ به‌ قه‌راری وه‌سیقه‌ی ٤٠ میلیون تمه‌نی ئازاد كرا. ناوبراو دواتر له‌ لقی ١ی دادگای رژیم له‌ شاری بۆكان به تۆمه‌تی ئه‌ندامیه‌تی له‌ كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان، به‌‌ یه‌كساڵ زیندانی ته‌عزیری مه‌حكوم كرا. دواتر ناوبراو له‌دژی حوكمی ده‌ركراو ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی و له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌دا حوكمه‌كه‌ی بۆ شه‌ش مانگ زیندانی ته‌عزیری كه‌م كرایه‌وه‌. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی وێڕای مه‌حكوم كردنی ئیجرای حوكمی ده‌ركراو له‌دژی حه‌سه‌ن ره‌سول نژاد، خوازیاری راگرتنی ئه‌م حوكمه‌ و هه‌روه‌ها ئازادی سه‌رجه‌م كرێكاران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری به‌ندكراو له‌ زیندانه‌.