گومان له‌سه‌ر وتووێژه‌كانی رژیم و گروپی ١+٥

 

629t
“بی بی سی” له‌ راپۆرتێكدا هه‌واڵی گومانی جیدی سه‌باره‌ت به‌ به‌ئاكام گه‌یشتنی وتووێژی ئه‌تۆمی رژیم و گروپی ١+٥ی تا دوایین رۆژه‌كانی مانگی مارس راگه‌یاندووه‌.به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، دوابه‌دوای رۆژێكی دیكه‌ له‌ وتووێژه‌ چڕوپڕه‌كانی نێوان كاربه‌ده‌ستانی رژیم و گروپی ١+٥ له‌ دوو شاری جیاجیای ئوروپا له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌دا، دوو لایه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه‌ ناتوانن ئاكامی وتووێژه‌كان له‌ رۆژان و هه‌فته‌كانی داهاتوو كه‌ مۆڵه‌تی وتووێژ ته‌واو ده‌بێت، چ شتێك رووده‌دات. كاربه‌ده‌ستێكی پایه‌به‌رزی ئامریكایی وێڕای رێگای پڕهه‌وراز و نشێوی وتووێژه‌كان به‌ هه‌واڵنێره‌كانی راگه‌یاندووه‌: “ئێران ده‌بێ بڕیاری سه‌خت و پێویست بگرته‌ به‌ر.” ناوبراو هه‌روه‌ها جه‌ختی كردۆته‌وه‌: “ئێمه‌ هێشتا هیوادارین بتوانین به‌ ئاكامێك بگه‌ین به‌ڵام به‌ بێ په‌رده‌ بڵێیم هێشتا نازانین توانایی جێبه‌جێ كردنی ئه‌م كاره‌مان هه‌یه‌ یان نا.” سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماتیكی ئوروپایی رایگه‌یاندووه‌: “وتووێژه‌كان درێژماوه‌ و قووڵ بوو، به‌ڵام ئیمكانی ئه‌وه‌ی فه‌راهه‌م نه‌كرد كه‌ ناكۆكییه‌كان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.” ناوبراو ناكۆكییه‌كانی جیدی له‌قه‌ڵه‌م دا و رایگه‌یاندووه‌، ئاشكرا نییه‌ وتووێژه‌كان له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌ ئاكام بگات.