گیان له‌ده‌ستدانی دوو هاوڕێی قه‌دیمی كۆمه‌ڵه‌

408y

به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، له‌ ماوه‌ی رۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا دوو هاوڕێی قه‌دیمی كۆمه‌ڵه‌ له‌ شاره‌كانی سنه‌ و شنۆ، ماڵاواییان له‌ ژیان كرد.
هه‌واڵی گه‌یشتوو باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١٧ی مانگی جۆزه‌ردان، هاوڕێ ئیسماعیل ره‌سولی پێشمه‌رگه‌ی قه‌دیمی كۆمه‌ڵه له‌ ساڵه‌كانی ٥٨ و ٥٩،‌ له‌ ناوچه‌ی شنۆ دوای ماوه‌یه‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رم كردن له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، ماڵاوایی له‌ ژیان كرد. هاوڕێ ئیسماعیل ته‌مه‌ن ٤٨ ساڵ و دانیشتووی گه‌ڕه‌كی “تاج الدین”ی شاری شنۆ بوو كه‌ تا دوایین ساته‌كانی ژیانی، به‌ ئارمان و رێبازی سوسیالیستی كۆمه‌ڵه‌ وه‌فادار مایه‌وه‌. ته‌رمی ئه‌م ئازیزه‌ له‌ نێو خه‌م و په‌ژاره‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌ی شنۆ، به‌ خاك سپێردرا. هه‌روه‌ها هه‌واڵی گه‌یشتوو باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هاوڕێ “مه‌حمود سه‌فه‌ری” ته‌مه‌ن ٦٣ ساڵ و خه‌ڵكی ئاوایی باینچۆی شاری دیوانده‌ره‌ كه‌ ساڵه‌كانی ٦٠ تا ٦٥ بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ به‌ هۆی هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ له‌ سیاچاڵه‌كانی رژیمی كۆماری ئیسلامیدا به‌ندكرابوو، رۆژی دووشه‌ممه ١٨ی مانگی جۆزه‌ردان به‌ هۆی تووش بوون به‌ نه‌خۆشی سه‌ره‌تانی مێعده‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ته‌وحیدی شاری سنه‌، ماڵاوایی له‌ ژیان كرد و له‌ ئاوایی شوێنی ژیانی، له‌نێو خه‌م و په‌ژاره‌ی خه‌ڵكدا ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كرا.