گیان له‌ده‌ستدانی كۆڵبه‌رێك به‌ ده‌ستی هێزه‌كانی رژیم له‌ پیرانشار

322y
به‌ پێی راپۆرته‌كان، شه‌وی رابردوو كۆڵبه‌رێك به‌ ناوی “ئه‌حمه‌د رامیان” ته‌مه‌ن ٢٦ ساڵ و خێزاندار، درایه‌ به‌ر ده‌سترێژی گولله‌ی هێزه‌كانی رژیم و گیانی له‌ده‌ستدا.به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، ناوبراو پاش ئه‌وه‌یكه‌ ته‌قه‌ی لێكراوه‌ به‌ توندی بریندار ده‌بێت و بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شاری پیرانشار گواسترایه‌وه‌ و دواتریش به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌كانی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شاری ورمێ كراوه‌ و له‌ رێگای گه‌یشتن به‌ ورمێ گیانی له‌ده‌ستدا. جێگای ئاماژه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا، ١٠ كۆڵبه‌ر له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان به‌ ده‌ستی هێزه‌كانی رژیم كوژراون. شایانی باسه‌، به‌ هۆی نه‌بوونی هه‌لی كاری گونجاو و په‌ره‌سه‌ندنی بێكاری و ده‌ستكورتی، زۆرێك له‌ خه‌ڵك و به‌ تایبه‌ت لاوان روو له‌ كاری مه‌ترسیداری كۆڵبه‌ری له‌سه‌ر سنووره‌كان ده‌كه‌ن و به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی رژیمه‌وه‌ ده‌درێنه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌ و به‌ره‌وڕووی خه‌ساری گیانی و ماڵی ده‌بنه‌وه‌