گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ و پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینی كۆمه‌ڵه‌

662
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هاوڕێ “ئێسحاق محه‌ممه‌دی” پێشمه‌رگه‌ی دێرینی كۆمه‌ڵه‌ دوای ٢٢ رۆژ به‌سته‌ری كران له‌ نه‌خۆشخانه‌، له‌ ته‌مه‌نی ٨٤ ساڵیدا ماڵاوایی له‌ ژیان كرد.
هاوڕێ ئێسحاق له‌ دایك بووی ئاوایی هه‌رسینی ناوچه‌ی ژاوه‌رۆ كه‌ ٢٢ رۆژ له‌وه‌پێش به‌ هۆی سه‌كته‌ی مه‌غزی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ شاری كرمان به‌سته‌ری كرابوو، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٩ی مانگی ره‌زبه‌ر بۆ هه‌میشه‌ ماڵاوایی لێكردین. هاوڕێ ئێسحاق محه‌ممه‌دی له‌ ساڵانی ١٣٥٧ی هه‌تاوی خه‌باتی نهێنی و چالاكی سیاسی ده‌ستپێكرد و ساڵی ١٣٦٦ بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به‌ هۆی به‌دواداچوونی پۆلیسی، به‌ شێوه‌ی نهێنی ژیانی ده‌كرد به‌ چه‌شنێك كه‌ هاوڕێیانی ماڵ به‌ ماڵ ده‌یانشارده‌وه‌ تا ئه‌وه‌یكه‌ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوو. ته‌رمی هاوڕێ ئێسحاق رۆژی جومعه‌ ئه‌وه‌ڵی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر له‌ نێو خه‌م و په‌ژاره‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دۆستان و ئاشنایانیدا له‌ ناوچه‌ی كانی دیناری مه‌ریوان ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كرا.