گیان لەدەستدانی دوو كاسبكار و كۆڵبەر له‌ سنووره‌كانی كوردستان

553t

بە هۆی دەستڕێژی گوللە و راوه‌دووانی كاسبكاران و كۆڵبه‌ران له‌ لایه‌ن هێزەكانی رژیم لە سەر سنوورەكانی كوردستان، دوو كاسبكار و كۆڵبەری دیكە گیانیان لەدەستدا.یەكەم ساتەكانی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی جومعه‌ ٢٢ی مانگی رەشەممە، بۆ جارێكی دیكە هێزەكانی رژیم لەسەر سنوورەكانی كوردستان كاروانێكی كۆڵبەر و كاسبكاریان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و بەو هۆیه‌وه‌ كۆڵبەرێكی خەڵكی شاری سەردەشت لە ناوچەی سنووری “قاسمەڕەش” بە ناوی “رەحمان ئیبراهیم زادە” تەمەن ٣٠ ساڵ بە سەختی بریندار بووە، بەڵام كاتێ گەیشتووەتە نەخۆشخانە بە هۆی كاری بوونی برینەكەی گیانی لەدەستداوە. شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ ٢٢ی مانگی ره‌شه‌ممه‌ ماشێنی کاسبکارێکی خه‌ڵکی ناوچه‌ی مه‌ریوان به‌ ناوی یاسین فه‌تاحی دانیشتووی به‌یه‌ڵه‌ له‌ پشت ئاوایی ده‌گاگای سه‌ر به‌ ناوچه‌ی سه‌وڵاوای مه‌ریوان ‌به‌هۆی راوه‌دوونانی له‌لایه‌ن هێزه‌کانی رژیمه‌وه‌ وه‌گه‌ڕاوه ‌و ناوبراو به‌ سه‌ختی بریندار بوو و به‌هۆی كاری بوونی برینه‌که‌ی، رۆژی جومعه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ست دا.