گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا نهادینە بووە

 گەندەڵی ماڵی لە سەرجەم ناوەندە حکومەتی و مەزھەبی، وەزارەتخانە و ئیدارەکان، لەنێو ھێزەکانی ئینتزامی و ئەمنیەتی و دەستگای سپای پاسدارانی رژیمدا، بەشێوەیەک بۆتە بابەتێکی ئاسایی و رۆژانە کە سەرانی رژیمیش ناتوانن پەردەپۆشی بکەن. رشوە خۆری و رانت خۆری لە ئیدارەکاندا و لەنێو کاربەدەستانی پایه‌بەرزی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەشێوەیەک ریشەی داکوتاوە کە دانی به‌رتیل بۆ بەرەوپێش چوونی کارەکانی خەڵک بۆتە ئەمرێکی سروشتی و نۆرماڵ.

 لە ماوەی حەیاتی کۆماری ئیسلامیدا ھەر کاتێک دەوڵەتێک لاچووە و یەکی تر ھاتووە، بە پێی هه‌لومه‌رجی سیاسی بەشێک لە پەروەندەی گەندەڵی ماڵی و به‌رتیل و رانت خۆری کاربەدەستانی دەوڵەتی پێشوویان ئاشکرا کردووە. لە کاتێکەوە کە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید رۆحانیش ھاتۆتە سەرکار، ھەوڵیداوە ھەموو کێشە و گرفتە ماڵییەکان و سەرکه‌وتوو نه‌بوونی دەوڵەت لە دابین کردنی پێداویستیەکانی خەڵک بگێڕێتەوە بۆ ناکارامه‌بوونی دەوڵەتی ئەحمەدی نه‌ژاد. بەم ھۆیەوە ھەر جار ناجارێک لەنێو ئارشیودا، چەند پەروەندەیەک لە گەندەڵی ماڵی کاربەدەستانی ئەو دەوڵەتە دەردەکێشن.

354

بەپێی راپۆرتی “ئیرنا” ھەواڵنیری دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، رۆژی دووشەممە ١٣ی مانگی رێبەندان “ئیسحاق جیهانگیری”، جێگری یەکەمی سه‌رۆک کۆماری ئێران وتی: “لە دەورەی رابردوودا زۆرترین دروشم بۆ بەگژدا چوونەوەی گەندەڵی لە مێژووی وڵاتدا دراوە. بەڵام زۆرترین و گەورەترین گەندەڵیەکانی سەدەش هه‌ر لەم دەورەیەدا روویداوە.” مەبەستی جیهانگیری دەورەیەکە کە دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد لەسەرکار بوو. لەم ساڵانەی دواییدا دەوڵەتی رۆحانی بەشێک لە دزی کاربەدەستان و دۆستان و نزیکانی دەوڵەتی پێشووی ئاشکرا کردووە. گۆمانی تێدا نییە پەروەندەی دیكه‌ی لەمجۆرەیان لە ئیختیاردا ھەیە. بەڵام کەس لەبیری نەچۆتەوە، كاتێك کە ئەحمەدی نه‌ژادیش لەسەر کار بوو، گەلێک پەروەندی ئیختیلاس و دزی دەوڵەتانی رەفسەنجانی و خاتەمی ئاشکرا دەکرد. ماجەرای بەدواداچوونی “مێهدی ھاشمی”، کوڕی ڕەفسەنجانی و ڕستە بەناوبانگەکەی ئەحمەدی نیژاد کە وتی: “ئایا كه‌س دەزانێ کوڕەکانی ئاغای رەفسەنجانی لەم ولاتەدا چی دەکەن؟” لەبیر ھەموو کەس ماوە. مەبەستی ئەحمەدی نه‌ژاد سوئەستیفادەی کەڵانی ماڵی ئەوان لە رێگای رانت خۆری بە ئیعتیباری باوکەوە، بوو و دیتمان کە چۆن پەروەندەکەی کێشرایە دادگا و مەحکومیش کرا. قەراری بازداشتی مێهدی ھاشمی لە حاڵێکدا دەرچووە کە ئەو لەدەرەوە بوو و دوای گەڕانەوەی نێردرایە زیندان. دیسانیش کەس ناکۆکی نێوان ئەحمەدی نه‌ژاد و تیمەکەی لەگەڵ سپای پاسدارانی لەبیر نەچۆتەوە کە بە بەکارھێنانی دەستەواژەی “برایانی قاچاغچی خۆمان” بە چ شێوەیەک ئاستی گەندەڵی ماڵی ئەوانیشی لە ئاکامی کێشمەکێشی دەسەڵاتی نێوان خۆی و ئەوانی ئاشکرا کرد. گومانی تێدا نییە کە دەوڵەتی دواتریش پەروەندەی دزی و گەندەڵیە ماڵییەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید ئاشکرا دەکه‌ن.

لە نوێترین حاڵەتی دزی وگەندەڵی ئاشکرا کراو دا، رۆژی شەممە ١١ی مانگی رێبەندان، “عەلی عەسکەری” سەرۆکی گشتی سازمانی کاروباری ماڵی رژیم دانی بە ١٦٠٠ ملیارد تمەن خلافکاری ماڵیدا نا. ناوبراو باسی لە بارودۆخی گەندەڵی ماڵی، فەراری ماڵیاتی، دەرکردنی بێسەروبەری کارتی بازرگانی بۆ کەسانی حەقیقی یان شیرکەتی حقوقی ناموعتەبەر و قەرزی ماڵیاتی بەشی دەوڵەتی و خسوسی کرد. سازمانی كاروباری ماڵیاتی، ١٢ ھەزار ملیارد تمەن قەرزی ماڵیاتی لای کەرتی تایبەت و دەوڵەتییە.

لە حاڵه‌تێکی نوێی تر لە گەندەڵی و به‌رتیل خۆری بەرپرسانی رژیم، سەرۆکی پۆلیسی ئوستانی کرماشان باسی لە پوڵشویی ٥٢ ملیارد تمەنی یەکێک لە کارمەندانی شیرکەتێکی دەوڵەتی لە رێگای بانکەوە لە دەزگا دەوڵەتیەکاندا کرد. ماجەرای دزی و گەندەڵی، رشوەدان و رشوە خۆری “محەممەدڕەزا رەحیمی” جێگری یەکەمی دەوڵەتی ئەحمەدی نه‌ژاد کە دەیوت “پاکترین دەوڵەتی تاریخی ئێرانە!!” لەم رۆژانەدا لە ئاکامی ناکۆکی و ئەفشاگەری جناحیدا لە دژی یەکتری کەوتە جەریانەوە. لە ئاکامدا ناوبراو بە ٥ ساڵ زیندان، گێڕانەوەی ٢ ملیارد و ٨٥٠ ملیۆن تمەن پوڵی دزراو و دانی یەک ملیارد تمەن جەریمە مەحکووم کرا. لەم ماجەرایەدا ئاشکرا بوو کە رەحیمی بە رەزامەندی ئەحمەدی نه‌ژاد بە زۆربەی نوێنەرانی مەجلیسی رژیم، واتە ١٧٠ نوێنەر لە کۆی ٢٩٠ کەسەکەیان، یەک ملیارد و ٢٠٠ ملیۆن تمەن رشوەی داوە تا بابەتی دزییەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتەکەی وه‌لا نێن. دیسانیش لەم پێوەندیەدا، ماوەیەک لەوەپێش “بیژەن زەنگەنە” وەزیری نەوتی رۆحانی لە کۆبوونەوەی بەناو “بردنەسەری ئاستی سڵامەتی ئیداری و بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی” دا وتی: لە ماجەرای “بابەک زەنجانی”دا زیاتر لە ٧٠٠٠ ملیارد تمەن لە پارەی وڵات خوراوە. “عەلی تەیب نیا” وەزیری ئابووری دەوڵەتی رۆحانیش بەنۆبەی خۆی رۆژی ١٥ی سەرماوەز پەردەی لەسەر پەروەندەگەلێکی گەندەڵی ماڵی ٨ هه‌زار ملیارد تمەنی و ١٢ ھەزار ملیارد تمەنی، لادا.

پرسیار ئەوەیە کە ئایا بەم ئەرقامە نجومیانە لە دزی و ئیختیلاس و تاڵان و بڕۆ و بە قەوڵی رۆحانی “ژێر میزی و روو مێزی”ەی نەک کەسێک و دووان، بەڵکوو زۆربەی بەرپرسانی ورد و درشتی رژیم لە ئێستا و لە دەورەکانی رابردوودا، دەکرێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە پووڵێک لە خەزانەدا مابێتەوە تا سەرفی سەرمایەگوزاری لە مەیدانی بەرھەمهێنان و رەخساندنی ھەلی کاردا و کارە ریفاھی و خزمەتگوزاریەکانی وەک یارانە و سوبسید و دەرمان و بێهداشت و ئاموزش و پەروەرش و عومران و ئاوەدانی و ھیتر بکرێت؟ حەسەن رۆحانی خۆی وڵامەکەی دایەوە و ئیعتیرافی کرد کە لە “نیزامی موقەدەسی کۆماری ئیسلامییه‌كه‌یدا ” چەک، پارە، دەسەڵات و راگەیاندن لە دەست سپای پاسداراندا کۆبۆتەوە و وتی: “ئەم ئامرازانە بەدەست ھەر کەسێکەوەبن گەندەڵ دەبێت.”

ئاشکرایە کە پارە زۆرە دزراوەکان لە دەورەی ھەرکام لە سەرانی نیزامی ئیسلامیدا، دزی لە ماڵ و سەروەتی گشتی و دزی لە سفرەی بەتاڵی کرێکاران و دەست رەنجی بەملیۆن کرێکار و خەڵکی زۆرلێکراوی ئێرانە. سەرانی رژیمی سەرمایە لەوپەڕی گەندەڵی و بێ ئەخلاقیدا بە گران کردنی رۆژانەی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک، دزی لە سفرەی بەتاڵی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگە دەکەن. زێدەخوازی و تەماعی سەرمایەدار چ دەوڵەتی و چ كه‌رتی تایبەت حەد و سنوری نییە. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش ناتوانن لە چاوەڕوانی کۆتایی ھاتنی تەماحکاری و پارەپەرستی ئەم جنایەتکارانەدا بن. شوشەی تەمەنی ئەم رژیمە دژی ئینسانیە لە دستی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش دایە. ئەوان بۆ دابین کردنی ژیانێکی شایستەی ئینسان، بۆ دیفاع لە ئازادی و کەرامەتی ئینسانی خۆیان، رێگایەکیان بێجگە لە روخاندنی ئەم رژیمە لەبەر دەمدا نییە. لەم رێگایەشدا پێویستە سەرجەم بێبەشان و زۆرلێکراوانی کۆمەڵگە کە ئاواتی روخاندنی ئەم رژیمەیان لە دڵدایە بێننە پاڵ خۆیان. ھەر ساتێک لە درێژ بوونەوەی تەمەنی ئەم سەرچاوەی گەندەڵی و زۆردارییە بە واتای رەنج و ئازار و برسیەتی و لەنێوچونی زیاتری ئینسانەکانە.