یه‌كه‌م رێكه‌وتنی یه‌كیه‌تی ئوروپا و توركیه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌ناخوازان

523
شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ ٢٣ی مانگی ره‌زبه‌ر “ئێشپیگێل” ئانلاین” له‌ راپۆرتێكدا هه‌واڵی رێكه‌وتنی یه‌كیه‌تی ئوروپا و ده‌وڵه‌تی توركیه‌ی له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ په‌ناخوازان راگه‌یاند.
به‌ پێی ئه‌م رێكه‌وتنه‌، ده‌وڵه‌تی توركیه‌ ده‌بێ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی په‌ناخوازان یارمه‌تی ئوروپا بدات و له‌ به‌رامبه‌ردا یارمه‌تی ماڵی له‌م یه‌كیه‌تییه‌ وه‌ربگرێت. شایانی باسه‌ وڵاتی توركیه‌ رۆڵێكی گرینگ و بنه‌ڕه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی په‌ناخوازن هه‌یه‌. زیاتر له‌ دوو میلیون په‌ناخوازی عێراقی و سوری په‌نایان بۆ ئه‌م وڵاته‌ بردووه‌. هه‌زاران كه‌س له‌م په‌ناخوازانه‌ له‌ سنووری توركیه‌وه‌ ده‌چنه‌ یونان و له‌وێیه‌وه‌ به‌ره‌و ئوروپا ده‌ڕۆن. یه‌كه‌م رێكه‌وتنی كاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزی یه‌كیه‌تی ئوروپا و توركیه‌، له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ كۆنتڕۆڵی شه‌پۆلی به‌لێشاوی په‌ناخوازان بووه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، به‌ هۆی به‌رخوردی كه‌شتییه‌كی گاردی ساحێلی یونان له‌گه‌ڵ به‌له‌مێكی هه‌ڵگری په‌ناخوازان كه‌ له‌ توركیه‌وه‌ به‌ره‌و جه‌زیره‌ی “لێس بووس”ی یونان بوو، لانیكه‌م حه‌وت كه‌س له‌ په‌ناخوازان له‌وانه‌ چوار منداڵ گیانیان له‌ده‌ستدا.