دابه‌زینی بێوێنه‌ی به‌های دراوی لۆبنانی

ڕۆژی هه‌ینی ٢٥ی مانگی پووشپه‌ڕ و ته‌نیا یه‌ك ڕۆژ به‌ شوێن ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی “سه‌عد حه‌ریری“، سه‌رۆك وه‌زیرانی لۆبنان، به‌های لیری لۆبنانی تا ڕاده‌یه‌كی بێوێنه‌ دابه‌زی. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، پێش ئه‌وه‌ی “سه‌عد حه‌ریری” هه‌واڵی ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌نێت، نرخی هه‌ر دۆڵارێكی ئه‌مریكا ١٩ هه‌زار و ٧٠٠ لیری لۆبنانی بوو. به‌ڵام به‌ دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ نرخی هه‌ر دۆڵارێك گه‌یشته‌ ٢٣ هه‌زار و ٣٥٠ لیر كه‌ له‌ بازاره‌كان به‌ به‌های ٢٣ هه‌زار و ٤٥٠ لیر مه‌عامله‌ ده‌كرا. دابه‌زینی به‌های لیری لۆبنانی ناڕه‌زایه‌تی به‌ڕینی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌ و ڕۆژانه‌ به‌رده‌وام له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانی ئه‌و وڵاته‌ خۆپێشاندان ئه‌كه‌ن. به‌ پێی ئاماره‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ٧٧ له‌سه‌دی دانیشتووانی لۆبنانی توانای كڕین پێداویستیه‌كانی ژیانیان نییه‌ و ٣٣ له‌سه‌دی منداڵان ئه‌و وڵاته‌ له‌ برسییه‌تی دان. شایانی باسه‌، له‌ ئێستادا كه‌ لیری لۆبنانی ٩٣ له‌ سه‌دی به‌های خۆی له‌ ده‌ست داوه‌، كه‌مترین ئاستی حه‌قده‌ست كه‌متر له‌ ٣٠ دۆلار و مامناوه‌ندی ئه‌و حه‌قده‌سته‌ له‌ مانگێكدا گه‌یشتۆله‌ ٩٧ دۆلار.

زیاتر

چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی قۆربانیانی لافاو له‌ ئاڵمان و بلژیك

ڕێژه‌ی قۆربانیانی لافاو له‌ ئاڵمان و بلژیك ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه‌، و له‌ نوێترین ئاماردا ڕێژه‌ی قۆربانیانی ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ ئاڵمان گه‌یشتۆته‌ ١٠٣ كه‌س و هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بلژیك گیان له‌ ده‌ست دانی لانیكه‌م ٢٠ كه‌سی به‌ هۆی هاتنی لافاو له‌و وڵاته‌ پشت ڕاست كرده‌وه‌. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، ڕێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ وڵاته‌كانی ئاڵمان، بلژیك و لوكزامبۆرگ بێ سه‌رو شوێنن به‌ ١٠٠٠ كه‌س گه‌یشتووه‌. به‌ پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵنێری فه‌رانسه‌، ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ماڵی دانیشتووانی ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ شار و گونده‌كان، به‌ ته‌واوی ڕووخاون. ئه‌و لافاوه‌ خر‌اپترین ڕووداوی سرووشتییه ‌كه‌ دوای جه‌نگی جیهانی دووهه‌م له‌ ئاڵمان، ڕوویداوه‌. جێی ئاماژه‌یه‌ كه‌ زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی ئه‌و لافاوه‌ له‌ بلژیك و هۆله‌ند هێشتا به‌راوه‌رد نه‌كراوه‌.

زیاتر

ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی هاووڵاتییه‌كی خه‌ڵكی ورمێ

له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییه‌كی خه‌ڵكی ورمێ به‌ ناوی “شێرزاد شه‌وقی قاسملوو” خه‌ڵكی گوندی “مام ئیبراهیم“، له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ڕژیمه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ڕژیم به‌ بێ هۆكار ئه‌و هاووڵاتییه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕاگوێزی شوێنێكی نادیار كردووه‌. به‌ وته‌ی بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو، سه‌ره‌ڕای چه‌ندین جار سه‌ردانی ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌كان، هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر چاره‌نووسی “شێرزاد” له‌به‌ر ده‌ستا نییه‌.

زیاتر

بریندار بوونی سێ كۆڵبه‌ر به‌ هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم له‌ نه‌وسوود

ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ٢٤ی مانگی پووشپه‌ڕ، له‌ سه‌ر پردی “دووئاو“ی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی نه‌وسوود، كۆمه‌ڵێك كۆڵبه‌ر كه‌وتنه‌ بۆسه‌ی هێزه‌ سنوورییه‌كانی كۆماری ئیسلامی و سێ كۆڵبه‌ر به‌ هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاره‌وه‌ به‌سه‌ختی بریندار بوون. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، هێزه‌كانی ڕژیم ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ له‌ كاتی ڕۆیشتن بۆ سه‌ر كار له‌ ئۆتۆمبێل داده‌به‌زێنن و به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاریان ده‌ده‌ن. به‌ هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆره‌وه‌ كۆڵبه‌رێك به‌ ناوی “خه‌لیل سڵێمانی” خه‌ڵكی سه‌لاسی باوه‌جانی به‌سه‌ختی بریندار ده‌بێت و دوو كۆڵبه‌ری به‌ساڵاچوو به‌ ناوه‌كانی “ئه‌نوه‌ر مۆرادی” و “خه‌لیل مه‌حموودی” به‌ توندی ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار ده‌درێن. به‌ پێی هه‌واڵی سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌كان كۆڵبه‌رێكی دیكه‌ به‌ هۆی لێدانی زۆره‌وه‌ له‌ هۆش ده‌چێت كه‌ ناسناوی ئاشكرا نه‌كراوه.

زیاتر

درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ خووزستان

دانیشتووانی شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی ئۆستانی خۆزستان، بۆ جارێكی دیكه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ گوازتنه‌وه‌ی ئاوی ڕووباره‌كانی ئه‌و ئۆستانه‌ بۆ شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران و هه‌روه‌ها هه‌وڵی ڕژیم بۆ كۆچی زۆره‌ملی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ڕپێوانی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد. له‌ دووهه‌مین شه‌وی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خووزستان، دانیشتووانی شاره‌كانی “حه‌میدیه‌“، “ماهشه‌هر“،“سووسه‌نگرد“، “شووش“، “شادگان” و ناوچه‌كانی “كانتێكس” و “عه‌ین دوو“ی ئه‌هواز و چه‌ند شاری دیكه‌، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ نه‌بوونی ئاو و كاره‌با، ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام و هاوكات دانیشتووانی شاره‌كانی “هۆوه‌یزه‌” و “ڕه‌فیع“یش به‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ په‌یوه‌ست بوون. به‌ پێی هه‌واڵی سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌كان، ناڕازییان جاده‌ی “ئه‌هواز– شووش” یان داخست  و پاشان له‌گه‌ڵ هێرشی هێزه‌كانی ڕژیم ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌. هه‌واڵه‌كان باس له‌ كۆژرانی لاوێكی خه‌ڵكی شادگان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ خۆپێشاندانه‌كانی شه‌وی هه‌ینی، له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ڕژیمه‌و درابووه‌ به‌ر ده‌سترێژی گولـله‌.

زیاتر

كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی كرێكارانی ئه‌بنییه‌ی فه‌نی هێڵی ئاسنی جنووب و شه‌رق

كۆمه‌ڵێك له‌ كرێكارانی هێڵه‌كانی ئه‌بنییه‌ی فه‌نی ڕێگه‌ی ئاسنی جنووب و شه‌رق، ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٦ی مانگی پووشپه‌ڕ، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ په‌رداخت نه‌كرانی حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كانیان، ده‌ستیان دایه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی. لانیكه‌م ٢٧٠ كرێكاری هێڵه‌كانی ئه‌بنییه‌ی فه‌نی ڕێگه‌ی ئاسنی جنووب و شه‌رق، له‌ نێوان ساڵه‌كانی ٩٨ بۆ ٩٩ی هه‌تاوی، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ كرێكاری په‌یمانی شیركه‌تی په‌یمانكاری “ڕه‌یل سه‌نعه‌تكاران” بوون و له‌و ماوه‌دا به‌شێك له‌ داخوازییه‌كانیان په‌رداخت نه‌كراوه‌. داخوازیی كرێكارانی ناڕازی بریتین له‌: چه‌ند مانگ حه‌قده‌ستی دواخراو و حه‌قی سه‌نه‌وات، جێژنانه‌، حه‌قی پشوودان، ئیزافه‌ كاری. شایانی باسه‌، ماوه‌ی سێ مانگه‌ كه‌ كرێكاران بۆ په‌یمانكارێكی تازه‌ به‌ ناوی “شیركه‌تی تراورس” كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام خاوه‌نكاری نوێش له‌ په‌رداختی داخوازییه‌كانیان خۆده‌بوێرێ.

زیاتر

كۆبوونه‌وه‌ی پێرسۆنێلی ئۆرژانسی ١١٥ی ئۆستانی بووشێهر

كۆمه‌ڵێك له‌ پێرسۆنێلی ئۆرژانسی ١١٥ی ئۆستانی بووشێهر، ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٦ی مانگی پووشپه‌ڕ، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ په‌رداخت نه‌كرانی سێ مانگ حقووق، ده‌ستیان دایه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، پێرسۆنێلی ئۆرژانسی ١١٥ی بووشێهر، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ هیچ حقووقێكیان وه‌رنه‌گرتووه‌. به‌ وته‌ی به‌شداربووانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌‌، په‌یمانكار حقووقه‌كانیان دوا ده‌خات و ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ پێشتر له‌ دانووستانی زانكۆی علووم پزیشكی، بڕیار درابوو كه‌ حقووقی مانگی گۆڵانی ئه‌مساڵی پێرسۆنێلی ئۆرژانس، له‌ لایه‌ن په‌یمانكاره‌ په‌رداخت بكرێت. حقووقی مانگه‌كانی جۆزه‌ردان و پووشپه‌ڕ به‌ هۆی ته‌واو بوونی قه‌راردادی په‌یمانكار، به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن زانكۆی علووم پزیشكیه‌وه‌ په‌رداخت بكرێت، به‌ڵام هه‌تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكیان بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵنه‌گرتووه‌.

زیاتر

كۆبوونه‌وه‌ و مانگرتنی كرێكارانی پڕۆژه‌ نه‌وتییه‌كانی “ئیلی زه‌راسه‌وه‌ند”

ڕۆژی هه‌ینی ٢٥ی مانگی پووشپه‌ڕ، كۆمه‌ڵێك له‌ كرێكارانی مانگرتووی پڕۆژه‌ نه‌وتییه‌كانی “ئیلی زه‌راسه‌وه‌ند” له‌ ناوچه‌ی “چۆغاخۆر“ی سه‌ر به‌ ئۆستانی چوارمه‌حاڵ و به‌ختیاری، ده‌ستیان دایه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی. كرێكارانی به‌شدار بوو له‌م كۆبوونه‌وه‌دا وێڕای جه‌خت كردن له‌سه‌ر درێژه‌ی مانگرتن، ڕایانگه‌یاند: تا گه‌یشتن به‌ خواسته‌كانیان به‌رده‌وام ئه‌بن له‌ كۆبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان. كرێكارانی به‌شدار بوو خوازیاری بێده‌سه‌ڵات كردنی شیركه‌ته‌ په‌یمانكارییه‌كان، یاسای كاری یه‌كسان– حه‌قده‌ستی یه‌كسان، بۆ كرێكارانی ته‌واوی به‌شه‌كانی پاڵاوگه‌كان، پترۆشیمیه‌كان و سه‌نایه‌عی نه‌وت و گاز بوون.

زیاتر

درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری حه‌وت ته‌په‌

كرێكارانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی نه‌یشه‌كه‌ری حه‌وت ته‌په‌، ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٦ی مانگی پووشپه‌ڕ، بۆ پێنجه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام، له‌ ناوه‌ندی ئه‌و شیركه‌ته‌ ده‌ستیان دایه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، كرێكارانی به‌شداربوو خوازیاری په‌رداختی حه‌قده‌ستی دواخراو، نوێ كردنه‌وه‌ی قه‌رارداده‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوكاره‌كانیان بۆ سه‌ر كار، هه‌روه‌ها واكیسانسیۆنی به‌خۆرایی و ده‌ستبه‌جێی ته‌واوی كرێكارانی ئێران، بوون. به‌ وته‌ی كرێكاران حه‌قی شیفت، هاتووچۆ، خراپی كه‌ش و هه‌وا، ناخرێته‌ سه‌ر حقووقه‌كانیان. له‌ لایه‌كی دیكه‌و كرێكارانی به‌شی ده‌فعی ئافاتی نه‌یشه‌كه‌ری حه‌وت ته‌په، له‌ بیست و دووهه‌مین ڕۆژی مانگرتن، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ بیلاته‌كلیفی پیشه‌یی و نوێ نه‌كردنه‌وه‌ی قه‌رارداده‌كانیان، ده‌ستیان دایه‌ كۆبوونه‌وه‌.

زیاتر