مانگرتنی كرێكارانی پاڵاوگه‌ی ئیسفه‌هان

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٩ی مانگی خه‌رمانان، كرێكارانی پرۆژه‌یی پاڵاوگه‌ی ئیسفه‌هان، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ له‌ خواره‌وه‌ بوونی حه‌قده‌سته‌كانیان، ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، كرێكارانی پاڵاوگه‌ی ئیسفه‌هان كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ مانگرتنی سه‌رانسه‌ری كرێكارانی پرۆژه‌ایی سه‌نعه‌تی نه‌وت و به‌دوای به‌ڵێنی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی بۆ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كانیان، گه‌ڕابوونه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، به‌ هۆی به‌دینه‌هاتنی داخوازییه‌كانیان، ‌بۆ جارێكی دیكه‌ ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن.

زیاتر

ۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی سه‌نعه‌ت كاران و كرێكارانی پڕۆژه‌یی شاری ئیزه‌

كۆمه‌ڵێك له‌ سه‌نعه‌ت كاران و كرێكارانی پڕۆژه‌یی شارستانی ئیزه‌، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٩ی مانگی خه‌رمانان، هاوكات له‌گه‌ڵ ٧٣مین ڕۆژی مانگرتنی كرێكارانی پڕۆژه‌یی سه‌نعه‌تی نه‌وت، له‌ به‌رانبه‌ر فه‌رمانداری ئه‌و شاره‌ ده‌ستیان دایه‌ كۆبوونه‌ه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی. ب وته‌ی كرێكارانی ناڕازی سه‌ره‌كی ترین داخوازییه‌كانیان بریتین له‌: “چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌ست به‌ پێی هێڵی هه‌ژاری، به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڵاڵه‌ی بیست ڕۆژ كار– ده‌ رۆژ پشوودان“.  جێی ئاماژه‌یه‌ كه‌ كرێكارانی په‌یمانی سه‌نعه‌تی نه‌وت، له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٩ی مانگی خه‌رمانانه‌وه‌، بۆ گه‌یشتن به‌ داخوازییه‌كانیان، كه‌مپه‌ینێكیان له‌ ژێر ناوی “ته‌خلییه‌ی سه‌رانسه‌ری بیست– ده‌ی ١٤٠٠” به‌ڕێخست و ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ ورده ورده‌ ته‌شه‌نه‌ی كرده‌ شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی ئێران. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، لانیكه‌م ١٠٥ یه‌كه‌ی سه‌نعه‌تی له‌ ئۆستانه‌كانی ئێران، ده‌ستیان له‌ كار كێشاوه‌ و به‌ مانگرتنی سه‌رانسه‌ری په‌یوه‌ست بوون.

زیاتر

به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی شاره‌داری “ئۆمیدییه‌ “

ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ٩ی مانگی خه‌رمانان ، كرێكارانی شاره‌داری ئۆمیدییه‌ بۆ چه‌ندمین ڕۆژی به‌رده‌وام، ‌ له‌ به‌رانبه‌ر بینای فه‌رمانداری شاری ئۆمیدییه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ جێبه‌جێ نه‌كردنی داواكارییه‌كانیان كۆبوونه‌ته‌وه‌ . به‌پێی ڕاپۆرته‌كان ئه‌م كرێكارانه‌ سه‌ره‌ڕای وه‌رنه‌گرتنی حقووقی چوار مانگ ، به‌هۆی دوو مانگ دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی “شاره‌دار” له‌ لایه‌ن شۆرای شاره‌وه‌ ، له‌ دۆخێكی ناڵه‌باری كاری به‌سه‌ر ده‌به‌ن . به‌ وته‌ی یه‌كێك له‌ كرێكارانی مانگرتوو : كۆبوونه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ حاڵێكدا به‌رده‌وامه‌ كه‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ٦ی مانگی خه‌رمانان ،‌ زیاتر له‌ ٣٠ كرێكاری به‌شی ژینگه‌ و پاركه‌كان به‌هۆی دواكه‌وتنی حقووقه‌كانیان كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌ برد ، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كانیان به‌ بێ هێچ ئاكامێكی ئه‌رێنی و وڵامێك له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی ڕژیمه‌وه‌ كۆتایی پێهات .

زیاتر

كۆبوونه‌وه‌ی كارمه‌ندانی “ناوه‌ندی بێهداشتی” شاری شیراز

ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ٩ی مانگی خه‌رمانان ، كارمه‌ندانی “ناوه‌ندی بێهداشتی” شاری شیراز به‌ هۆی دواكه‌وتنی حقووق ، مه‌زایای كاریی و نه‌هێشتنی نایه‌كسانی له‌ شوێنی كاره‌كه‌یان كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌ برد‌ . به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان سه‌ره‌ڕای بڵێنی به‌رپرسانی ئه‌و ناوه‌نده‌ هه‌تا كاتی به‌ڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ هێشتا كارمه‌ندانی ئه‌و ناوه‌نده‌ حقووقه‌ دواكه‌وتووكانیان وه‌رنه‌گرتووه‌ . شایانی باسه‌ كارمه‌ندانی ئه‌م ناوه‌نده‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوو، كۆمه‌ڵێك داواكاری له‌ سه‌ر خراپی دۆخی كار و ژیانیان به‌ نووسراوه،‌ پێشكه‌شی به‌رپرسان كردووه‌ و هێشتا هێچ وڵامێكی ئه‌رێنیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌ .

زیاتر

كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی شاره‌داری “میاندووئاو”

به‌ پێی ڕاپۆرتی یه‌كیه‌تی ئازادی كرێكارانی ئێران، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٩ی مانگی خه‌رمانان، كۆمه‌ڵێك له‌ كرێكارانی شاره‌داری “میاندووئاو“، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ به‌دینه‌هاتنی خواسته‌كانیان له‌ به‌رانبه‌ر بینای شاره‌داری ئه‌و شاره‌، ده‌ستیان داوه‌ته‌ مانگرتن. به‌ پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌، كرێكارانی شاره‌داری‌ “میاندووئاو” ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ حه‌قده‌ست و حه‌قی بیمه‌كانیان په‌رداخت نه‌كراوه‌ و له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێن: به‌هۆی دواخرانی حه‌قده‌سته‌كانیان له‌ باروودۆخی خراپی ئابووری و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی نرخه‌كان، ژیانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان كه‌وتۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. شایانی باسه‌ كه‌ كرێكارانی ئه‌و شاره‌داریه‌ تا ئێستا چه‌ندین جار له‌ به‌رانبه‌ر ناوه‌نده‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانی ڕژیم ده‌ستیان داوه‌ته‌ كۆبوونه‌وه‌ به‌ڵام به‌رپرسانی شاره‌داری به‌ هه‌ڕه‌شه‌ وه‌ڵامی داخوازییه‌كان داوه‌ته‌وه‌‌.

زیاتر

برینداربوونی دوو كۆلبه‌ر له‌ خاڵه‌ سنووریه‌كانی شاری بانه‌

ڕۆژی سێشەممە ٩ی مانگی خەرمانانی ١٤٠٠ی هه‌تاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران لە سنووری “هەنگەژاڵ“ـی بانە تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و به‌و هۆیه‌وه‌ دوو کۆڵبەر به‌سه‌ختی بریندار کراون. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە بریتییه‌ له‌ “بەهمەن کەریم‌پەنا” خەڵکی بانە و “ئارمان ڕەسووڵی” خەڵکی شاری بۆکان. شایانی باسه‌ ئەم دوو کۆڵبەرە به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چارەسەری پیزشكی گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی و باری تەندروستیی “بەهمەن کەریم‌پەنا” ناجێگیره‌ .

زیاتر

ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاوڵاتییه‌ك له‌ شاری شنۆ

ڕۆژی شەممە ٦ی مانگی خەرمانانی ١٤٠٠ی هه‌تاوی ، هاوڵاتییەک به ناوی “جەببار پیشاهەنگ“، كه‌سایه‌تی ئایینی گوندی “خانلەر“ی سەر به شاری شنۆ ، له لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمه‌وه‌ دەستبەسەر و ڕاگوێزی شوێنێكی نادیار كرا . بەپێی ڕاپۆرته‌كان هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بەبێ هەبوونی ئیزنی دادوەر ناوبراویان دەستبەسەر و له‌ هه‌مان كاتدا بڕێک لە کەل و پەلی تایبەتیان لەگەڵ خۆیان بردووە . شایانی باسه‌ هه‌تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵه هۆکار و شوێنی ڕاگیرانی “جه‌ببار پیشاهه‌نگ” نادیارە.

زیاتر

به‌رده‌وامی چالاكی “ته‌بلیغی ” به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ ناوچه‌ی ژاوه‌رۆ

ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ٩ی مانگی خه‌رمانان ، كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو له‌ دۆستان و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران ، به‌ بۆنه‌ی ساڵ ڕۆژی دامه‌زراندنی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌ ئه‌نجام دانی چالاكیه‌كی به‌ربه‌ڵاوی “ته‌بلیغی” و به‌رێوه‌ بردنی مه‌راسم ، یادی ئه‌و ڕۆژه‌‌یان به‌رز ڕاگرت. به‌پێی ڕاپۆرته‌كان سه‌ره‌تا مه‌راسمه‌كه‌ به‌ خویندنه‌وه‌ی سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ ، سه‌روودی هاوپشتی جیهانی چینی كرێكار و چركه‌یه‌ك بێ ده‌نگی بۆ یادی هه‌موو گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ری ده‌ستی پێكرد و دواتر له‌ لایه‌ن یه‌كێك له‌ به‌شداربووانی مه‌راسمه‌كه‌ به‌ بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی حیزب وتارێكی پێشكه‌شی به‌رشداربووان كرا و پاشان مه‌راسمه‌كه‌ به‌ ده‌ربڕینی شادی و خۆشی ئاماده‌بووان كۆتایی هات

زیاتر

هێرشی پهبادی بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك له‌ عه‌ره‌بستان

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٩ی مانگی خه‌رمانان، میدیاكانی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بستان هه‌واڵی هێرشێكی په‌هبادی بومبرێژكراویان بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك له‌ باشووری عه‌ره‌بستان بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند: به‌ هۆی ئه‌و هێرشه‌وه‌، لانیكه‌م ٨ كه‌س به‌سه‌ختی بریندار بوون و زیانێكی گه‌وره‌ به‌ یه‌كێك له فڕۆكه‌كانی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌ گه‌یشتووه‌. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، ئه‌وه‌ دووهه‌مین هێرشی په‌هبادیه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ده‌كرێته‌ سه‌ر ناوه‌نده‌ نیزامیه‌كانی عه‌ره‌بستان. به‌ پێی ڕاپۆرتی “ئاسۆشه‌یتدپرێس“، هێشتا هیچ گرووپ و لایه‌نێك به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و هێرشانه‌ی نه‌گرتۆته‌ ئه‌ستۆ. جێی ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ به‌ شوێن دوائین هێرشی مووشه‌كی بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی یه‌مه‌ن روویداوه‌ كه‌ تێدا لانیكه‌م ٣٠ سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی یه‌مه‌ن گوژران.

زیاتر

ڕێزگرتنی له‌ ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ شاری سنه‌

به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٠ی مانگی خه‌رمانان، كۆمه‌ڵێك له‌ دۆستان و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له شاری سنه، به‌ بوونه‌ی هاتنی ساڵرۆژی دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، رێوڕه‌سمێكیان به‌ڕێوه‌برد. به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵه‌، ڕێوڕه‌سمه‌كه‌‌ له‌ سه‌ر یه‌كێك له‌ چیاكانی ده‌ورووبه‌ری شاری سنه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌ و به‌شداربووان به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی تراكت و وێنه‌ی هاورێیانی گیانبه‌خت كردووی ڕێزه‌كانی كۆمه‌له‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، به‌ تایبه‌ت هاوڕێ “فه‌رهاد شه‌عبانی“، مه‌راسمه‌كه‌یان ده‌ستی پێكرد‌ و ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌ نێوان شایی و خۆشی ئاماده‌بووان كۆتایی پێهات.

زیاتر